ئەمریكا و ئێران هۆشداری دەدەن و ڕێكار دەگرنە بەر؛ فراوانبوونی شەڕ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڕەشەیەكی 'نزیک و جیدییە'
پەرەگراف
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئەمریكا و ئێران و ڕاپۆرتی ئاژانسە جیهانییەكان، هێرشی زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و فراوانبوونی بەرەی شەڕ نزیكە. هەمووان خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێكەوتەكانی ئەو شەڕە ئامادە دەكەن. هەنگاو و هەڕەشە تازەكانی ئەمریكایش بەرپرسانی عێراقی هێناوەتە سەر خەت و ئەمشەو كۆبوونەوەیەكی "گرنگ" لە بەغدا بە بەشداریی كورد بەڕێوە دەچێت. عێراق پاڵپشتی لە خەڵكی غەززە دەكات، بەڵام نایەوێت خاكەكەی ببێتە گۆڕەپانی شەڕ.
ئەمڕۆ بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق كە لە گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران پێك دێت، ئەنجامدانی سێ هێرشی دیكە بۆ سەر هەرسێ بنكەی (ڕووكبان، تەنەف و مالیكیە)ی ئەمریكا لە سووریا ڕاگەیاند. لە 18ی مانگەوە ئەو گرووپانە ئەنجامدانی 12 هێرشیان بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندووە. هێرشەكان ئەمریكایان ناچار بە ژمارەیەك ڕێكار كردووە كە ئەمشەو لایەنە عێراقییەكان دەربارەی كۆدەبنەوە.
لایەنە شیعە پێكهێنەرەكانی كابینەكەی سوودانی و پارتی و یەكێتیش كە بە ئیدارەی دەوڵەت ناو دەبرێن، ئەمشەو كۆبوونەوەیەكی "گرنگ" لە ماڵی نووری مالیكی لە بەغدا ئەنجام دەدەن، بۆ "هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنیی عێراق و بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و لێكەوتەكانی لەسەر ناوخۆی عێراق".
شەوی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕاگەیەندراوێكدا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەكەی كرد بەهۆی "مەترسیی تیرۆر، ڕفاندن و هەڵكشانی گرژییەكان" سەردانی عێراق نەكەن. هاوكات داوای لە "كارمەندە ناپێویستەكان"ی لە باڵیۆزخانەی بەغدا و كۆنسوڵخانەكەی هەولێر كرد عێراق جێبهێڵن.
عێراق بۆ خۆپاراستن لەوەی ببێتە گۆڕەپانی شەڕ، پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانیشی خستووەتە گەڕ. تاكە ڕێگایەك كە بەغدا بۆ خۆپاراستن لە ئێستادا هەوڵی بۆدەدات، چڕكردنەوەی هەوڵە دیبلۆماسییەكانە لەگەڵ وڵاتان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و بەرگرتن بە هێرشی زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، كە ئەوەش ڕەنگە بێ ئاكام بێت.
هەر ئەمڕۆ، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، دژایەتیی خۆی بۆ كردنە ئامانجی بنكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەت راگەیاند، سوودانی فەرمانیشی كردووە بە سەرجەم دەزگا ئەمنییەكان كە بە ئەركی خۆیان هەستن و یاسا بەرانبەر ئەو كەسانە جێبەجێ بكەن كە هێرشەكان ئەنجام دەدەن.
جووڵەكان لە عێراق پاش ئەوە دێن كە، بەپێی ئاژانسە جیهانییەكانی هەواڵ، هەردوو وەزیری دەرەوە و بەرگریی ئەمریكا ڕایانگەیاندووە كە وڵاتەكەیان چاوەڕوان دەكات شەڕی ئیسرائیل-حەماس گرژیی زیاتری لێ بكەوێتەوە، ئەوەش لە ئەنجامی دەستوەردانی گرووپە چەكدارییە شیعەكانی سەر بە ئێران لە ناوچەكە.
ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ڕایگەیاندووە "ئیدارەی جۆ بایدن ئامادەیە بەرپەرچی هێرشەكان بداتەوە، ئەگەر سەرباز و كارمەندانی ئەمریكا بكرێنە ئامانج".
بلینكن جەختی كردووەتەوە كە "ئێمە ئاڵۆزبوونی دۆخەكەمان ناوێت، نامانەوێت كارمەندەكانمان بكرێنە ئامانج"، بەڵام هۆشداریی داوە كە "ئامادەین بۆ بەرچدانەوە".
هاوكات، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا، دەڵێت "ئێمە دەبینین هێرشەكان بۆ سەر هێز و هاووڵاتییەكانمان لەناوچەكەدا لە زیادبووندان". ڕایشیدەگەیەنێت "ئەمریكا مافی بەرگریكردن لە خۆی هەیە و بێ دوودڵی ڕێگاری گونجاو دەگرینە بەر".
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزیش، ئەمریكا داوای لە ئیسرائیل كردووە هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دوابخات، بە ئامانجی بەدەستهێنانی كات بۆ ئازادكردنی دیلەكان و خۆ ئامادەكردن لە ناوچەكە بۆ ئەو هێرشە چاوەڕوانكراوانەی كە گرووپە چەكدارییەكانی ئێران دەیكەنە سەر بنكە و بەرژەوەندییەكانی.
بەرپرسانی باڵای ئێرانیش دەربارەی پەرەسەندن و فراوانبوونی گرژییەكان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا هاوڕان. ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، دەڵێت "ئەگەر ئیسرائیل تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییەكانی و كۆمەڵكوژی لە غەززە ڕانەگرێت، ئەگەری هەیە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر كۆنترۆڵ دەربچێت".
ئێران لەناوبردنی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە مەترسی بۆ سەر خۆی و گرووپە چەكدارییە پاڵپشتیكارەكانی لە ناوچەكە دەزانێت و بە ئاشكرا ئەمەی ڕاگەیاندووە، هەر بۆیە هۆشداریی داوە كە لە ئەگەری هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە و هەوڵی لەناوبردنی حەماس، بەرەی شەڕەكە فراوان دەكات و لە ڕێگەی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەكدارییەكانی دیكە لە ناوچەكە، هێرش بۆ سەر ئیسرائیل و تەنانەت ئەمریكاش دەست پێ دەكات.
بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەت عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، لە دەیان گرووپی چەكداریی شیعەی نزیك لە ئێران پێك دێن، كە لەدوای هاتنی داعشەوە دروست كران. قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە دامەزرێنەری بەشێك لەو گرووپانە و پێكەوەبەستنیان لەگەڵ ئەو گرووپانەی كە پێشتر هەبوون و پاشان بەستنەوەیان بە ئێرانەوە ناو دەبرێت. پاش چڕبوونەوەی هێرشەكانی سەر غەززە، ئێران هۆشداریی دا لە جووڵەی ئەو گرووپانە دژی ئیسرائیل و ئەمریكا.
گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران لە ڕۆژی 18-10-2023 پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپەراسیۆنیان لەژێر ناوی "ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پشتیوانیكردن لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاند، بۆ پاڵپشتی لە "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا"ی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیلیش، هێرشیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا دەست پێ كرد.
هەر بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكان كە ئەمریكا بە هێرشی "ئێران" ناویان دەبات، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا، فەرمانی كردووە كە كەشتیی فڕۆكە هەڵگری (یو ئێس ئێس ئایزنهاوەر) بگەڕێندرێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بە ئامانجی "بەرزكردنەوەی توانای وەڵامدانەوەی بارودۆخە نائاساییەكان"، هەروەها ئەمریكا هەردوو "سیستەمی بەرگریی مووشەكیی تاد و پاتریۆتی زیاتر" ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات بۆ پاراستنی بنكەكانی.