یەكێتیی مامۆستایان یاداشتێكی چوار خاڵی بۆ چارەسەری كێشەكانی مامۆستایان ئاراستەی حكومەت دەكات

23-10-2023 10:33
كۆبوونەوەی دوێنێ ٢٢-١٠-٢٠٢٣ى مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایان

پەرەگراف

یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان یاداشتێكی چوار خاڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی مامۆستایان، ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەكات و داوا دەكات "بۆ چارەسەركردنی بایكۆت، بە زووترین كات مووچەی مانگی هەشت دابەش بكرێت".

مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایان دوای كۆبوونەوەی دوێنێ‌ لە شاری هەولێر، ڕایگەیاند "بڕیارمان دا یاداشتێك بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز بكرێتەوە كە خۆی لە چوار خاڵ دەبینێت، لەوانە: بۆ چارەسەركردنی بایكۆت، بە زووترین كات مووچەی مانگی هەشت دابەش بكرێت، هەروەها وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ڕیزبەندی پێشەوەی لیستی مووچە دابنرێن".

هەروەها یەكێتیی مامۆستایان لە یاداشتەكەدا داوای كردووە "پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان دەست پێ‌ بكاتەوە و كێشەی مامۆستایانی وانەبێژیش بە دامەزراندن یاخود بە گرێبەستكردن لەگەڵیان، چارەسەر بكرێت".

یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەڵێت "پێمان وایە جێبەجێكردنی ئەم یاداشتە، دەبێتە خاڵێكی گرنگ بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن كە ئەم داواكارییانە داواكاریی هەنووكەیی مامۆستایانە بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام، بەتایبەت لەو ناوچانەی كە بایكۆتی خوێندنیان كردووە".

یاداشتەكەی یەكێتیی مامۆستایان دوای ئەو زنجیرە خۆپیشاندانە دێت كە دوێنێ‌ لەلایەن مامۆستایانەوە لە زیاتر لە 10 شار و شارۆچكە بەڕێوە چوون. تێیدا ڕەتیان كردەوە بایكۆت بشكێنن تا داواكارییەكانیان جێبەجێ‌ نەكرێت.

داواكاریی مامۆستایانی هەمیشەیی بریتییە لە "دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆ پێكەوە، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە"، هەروەها داواكاریی مامۆستاسانی وانەبێژ بریتییە لە "دامەزراندن بە شێوەی هەمیشەیی".