پەرەگراف
سەرۆكایەتیی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، شەڕەكەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخموور بە "ڕووداوێكی ناخۆش" ناو دەبات و هاوكات دەڵێت "پابەندیمان بە كاركردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی دووپات دەكەینەوە". هەروەها پاڵپشتی بۆ بڕیارەكەی سوودانی بۆ ئەنجامدانی "لێكۆڵینەوەی خێرا و شەفاف" دەردەبڕێت.
سەرۆكایەتیی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "بەداخەوە دوێنێ یەكشەممە (22ـی تشرینی یەكەمی 2023) ڕووداوێكی ناخۆش لە ناوچەی مەخموور ڕووی دا و لە ئەنجامدا شەهید و برینداربوونی لە هەردوولا لێ كەوتەوە".
سەرۆكایەتیی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە "سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵ"ی ئاراستەی كەسوكاری قوربانیان كردووە جەخت دەكاتەوە "ئێمە پابەندبوونمان بۆ كاركردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی دووپات دەكەینەوە، لەپێناو چارەسەرێكی ڕیشەیی و بەردەوام كە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق بەدی بهێنێت".
"پشتیوانیی خۆیشمان دەردەبڕین بۆ ناوەڕۆكی ڕاگەیەندراوەكەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی خێرا و شەفاف لە ڕووداوەكە، بۆ دیاریكردنی هۆكارەكان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكە"، سەرۆكایەتیی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە وا دەڵێت.
ئێوارەی دوێنێ لە چیای قەرەچووغ لە سنووری مەخموور، شەڕ لە نێوان هێزێكی پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕووی دا، تێیدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون كە یەكێكیان پلەی عەقید بوو، هەروەها زیاتر لە پێنج پێشمەرگەیش بریندار بوون. لە ڕیزی سوپای عێراقیش دوو سەرباز گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەكیش بریندار بوون.
لیوا یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ڕایگەیاند "محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بەدووداچوونی بۆ ڕووداوەكەی مەخموور كردووە".
لیوا یەحیا ڕەسووڵ دەشڵێت "فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق فەرمانی پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای كرد تا لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بكات".
سوودانی داوای كردووە فەرماندەكانی حكومەتی فیدراڵ و هێزەكانی پێشمەرگە "دان بەخۆیاندا بگرن و بەرژەوەندیی باڵا لەبەرچاو بگرن".
شەڕە لەسەر پڕكردنەوەی چەند خاڵێكی سەربازیی پەكەكە بوو لە چیای قەرەچووغ، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەریلاكانی پەكەكە بە ڕێككەوتن لەگەڵ سوپای عێراق چۆڵیان كرد.