دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان: لە 10 ڕۆژدا پەیوەندیی كۆڕەكە لەگەڵ كۆمپانیاكانی دیكە دەپچڕێنین

22-10-2023 11:20

پەرەگراف

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق داوا لە هاووڵاتیان دەكات چیتر سیمكارتی كۆڕەك تلیكۆم نەكڕن و ڕایدەگەیەنێت "لە ماوەی 10 ڕۆژدا پەیوەندیی كۆمپانیای كۆڕەكە لەگەڵ كۆمپانیاكانی دیكەی پەیوەندی دەپچڕێنین، تا ئەو كاتەی كۆمپانیا ئەركە داراییەكانی خۆی جێبەجێ دەكات".

دەستە عێراقییەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "كۆمپانی كۆڕەك بڕێكی زۆر پارە قەرزارە و تا ئەم ساتە سەرەڕای ئەو هەموو دانوستان و گفتوگۆیانەی كە لەگەڵ كۆمپانیاكەدا هەبووە، قەرزەكەی نەداوەتەوە".

دەستەی ڕگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق "پشتبەست بە بەسەرچوونی مۆڵەتی كۆمپانیای كۆڕەك لە 30-8-2022، هەروەها بڕیارەكانی دادگای تایبەتمەند و بڕیارەكانی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی دەستەكە"، ژمارەیەك بڕیاری دەركردووە.

یەكەم: دەستەی پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن ڕێنمایی دەردەكات كە فرۆشتن و بازرگانیكردن بە هەر سیمكارتێكی نوێی سەر بە كۆمپانیای كۆرەك پەیوەندییەكان ڕابگیرێت.

دووەم: دەستەكە داوا لە هاووڵاتیانی بەشەرەف دەكات هیچ سیمكارتێكی نوێی كۆڕەك نەكڕن.

سێیەم: دەستەكە جەخت لە بریكارەكان و فرۆشیارەكان دەكاتەوە كە هیچ سیمكارتێكی نوێی كۆمپانیاكە نەفرۆشن و بازرگانییان پێوە نەكەن، بە پێچەوانەوە ڕێگای لێپرسینەوەی یاسایییان بەرانبەر دەگیرێتە بەر.

چوارەم: بۆ ڕایگشتی ڕایدەگەیەنین كە دەستەی پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن لە پرۆسەی پچڕاندنیی پەیوەندیی نێوان كۆڕەك تیلیكۆم و كۆمپانیاكانی دیكەی مۆبایلدایە كە لە وڵاتدا كاردەكەن، لە ماوەی 10 ڕۆژدا لە بەرواری دەرچوونی ئەم ڕاگەیەنرداوە، تا ئەو كاتەی كۆمپانیا ئەركە داراییەكانی خۆی جێبەجێ دەكات.