گرووپەكانی نزیك لە ئێران لە پێنج ڕۆژدا نۆ هێرشیان كردووەتە سەر هێزەکانى ئەمریكا؛ واشنتۆن بە دوو بڕیار وەڵام دەداتەوە
پەرەگراف
بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق ئەمڕۆ ئەنجامدانی "نۆ" هێرشی بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ڕاگەیاند. ئەمریكا بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكان دوو هەنگاوی نوێ دەنێت، سیستەمی بەرگریی زیاتر و یەكێك لە دیاترین كەشتییە فڕۆكەهڵگرەكانی "بۆ وەڵامدانەوەی بارودۆخی نائاسایی" دەنێرێتە ناوچەكە.
بەرەنگاریی ئیسلامی بانگەشەی ئەوە دەكات كە لە هەموو هێرشەكاندا "ئامانجەكان بە ورد"ی پێكراون، ئەمریكاش تەنیا دەربارەی دوو هێرشیان لێدوانی داوە كە ڕۆژی چوارشەممە 18-10-2023 كراونەتە سەر بنكەی عەین ئەسەد و بنكەی هەریر و دەڵێت "ژمارەیەك سەرباز لە هێرشەكەی عەین ئەسەددا بە سووكی بریندار بوون و هێرشەكەی سەر بنكەی هەریر هیچ زیانی نەبووە".
بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ چوارەم جار "بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان" هێرشی كردووەتە دیارترین بنكەی سەربازیی ئەمریكا كە عەین ئەسەدە لە ڕۆژئاوای عێراق.
بەرەنگاریی ئیسلامی دەڵێت "بەرەبەیانی ئەمڕۆ موجاهیدەكانمان بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بنكەی (عەین ئەسەد)ی ئەمریكای داگیركەریان لە ڕۆژئاوای عێراق كردە ئامانج و ڕاستەوخۆ و بە وردی ئامانجەكانیان پێكا".
هەر ئەمڕۆ، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنیی عێراقەوە بڵاوی كردەوە كە "ڕۆژی یەكشەممە ژمارەیەك مووشەكی كاتیۆشا" ئاراستەی بنكەی عەین ئەسەد كراوە و "دەنگی تەقینەوە لەناو بنكەكەدا بیستراوە".
بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكان كە ئەمركیا بە هێرشی "ئێران" ناویان دەبات، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا، ئەمڕۆ ڕایگەیاند "دوای گفتوگۆی ورد لەگەڵ سەرۆك بایدن، فەرمانم كرد كەشتیی فڕۆكە هەڵگری (یو ئێس ئێس ئایزنهاوەر) بگەڕێندرێتەوە بۆ ناوچەی ئۆپەراسیۆنەكانی فەرماندەیی ناوەندی"
وەزیری بەرگریی ئەمریكا فەرمانیشی كردووە "سیستەمی بەرگریی مووشەكی تاد و پاتریۆتی زیاتر" ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێت بۆ "پاراستن"ی هێزەكانیان.
لوید ئۆستن ڕایشیگەیاندووە، ئەم بڕیارانەی دوای هەڵكشانی توندووتیژی دژی هێزەكانی وڵاتەكەی دەركردووە و كەشتیی یو ئێس ئێس ئایزنهاوەریش بە ئامانجی "بەرزكردنەوەی توانای وەڵامدانەوەی بارودۆخە نائاساییەكان" دەگەڕێننەوە بۆ ناوچەكە.
بەیانیی 18-10-2023، بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەنجامدانی دوو هێرشی بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق و بنكەی هەریر لە باكووری عێراق (هەرێمی كوردستان) ڕاگەیاند.
ئەوە دەستپێكی هێرشەكانی ئەم جارەی گرووپە شیعەكان بوو بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا.
بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند "هێرشەكان ئامانجی خۆیان پێكاوە و بەرەنگاریی ئیسلامی مژدە دەدات بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زیاتر".
بەرەكە داوایشی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی عێراق كرد كە "دوور بكەونەوە" لەو ناوەندانەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لێیە.
دوای ئەوە هێرشەكان بەردەوام بوون بە گشتی بەرەنگاریی ئیسلامی لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجامدانی نۆ هێرشی ڕاگەیاندووە بەم شێوەیە:
- ڕۆژی 18-10-2023، هێرش بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.
- ڕۆژی 18-10-2023، هێرش بۆ سەر بنكەی هەریر بە یەك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.
- بەیانیی 19-10-2023، هێرش بۆ سەر بنكەی تەنەف لە پارێزگای حومس لە سووریا، بە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.
- بەیانیی 19-10-2023، هێرش بۆ سەر بنكەی ئەمریكا لە كێڵگەی غازی كۆنیكۆ لە باكووری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، بە ژمارەیەك مووشەك.
- ئێوارەی 19-10-2023، هێرش بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق، بە ژمارەیەك مووشەك.
- بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 20-10-2023، هێرش بۆ سەر بنكەی هەریر (فڕۆكەخانەی هەریر) لە باكووری عێراق (هەرێمی كوردستان - هەولێر) بە دووریی 45 كیلۆمەتر لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.
- نیوەڕۆی 21-10-2023، بنكەی عەین ئەسەد لە ڕۆژاوای عێراق، بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.
- ئێوارەی ڕۆژی شەممە 21-10-2023، هێرش بۆ سەر بنكەی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.
- بەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە 22-10-2023، هێرش بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق، بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.