دەبێتـەكەی وەزیری پەروەردە مامۆستایانی تووڕەتر كرد و بە خۆپیشاندانی فراوان وەڵامیان دایەوە
پەرەگراف
"دەبێت"ـەكەی وەزیری پەروەردە بۆ شكاندنی بایكۆت، مامۆستایانی تووڕەتر كرد. هەزاران مامۆستا لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و قەزا و ناحیەكانی دەوروبەریان، بە خۆپیشاندانی فراوان شكاندنی بایكۆتیان ڕەت كردەوە. لە سلێمانی مامۆستایان بە دروشمی "ئێرە سلێمانییە، دەبێتی قبووڵ نییە"، چوونە بەردەم پەروەردە. وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەیش دەربارەی بڕیاری نوێیان بۆ پەرەگراف دەدوێت.
خۆپیشاندانەكان بە بەشداریی هەزاران مامۆستای هەمیشەیی و مامۆستای وانەبێژ و بەشێك لە فەرمانبەران و خانەنشینان و هەندێك كەسوكاری قوتابیانش بەڕێوە چوو.
لە سلێمانی مامۆستایان بە ڕێپێوان و وتنەوەی دروشمی "بایكۆت بەردەوامە" چوونە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە، لە بەیاننامەیەكیشدا ڕایانگەیاند، تا مووچە نەدراوەكانی مانگەكانی هەشت و نۆیان پێ نەدرێت و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی دەست پێ نەكاتەوە، لە بایكۆت بەردەوام دەبن. مامۆستایانی وانەبێژیش جەخت لە تاكە داواكارییەكەی خۆیان دەكەنەوە كە دامەزراندنە بەشێوەیەكی هەمیشەیی.
هەروەها لە هەڵەبجە، ڕانیە، كەلار، قەڵادزێ، كفری، سەیدسادق، چەمچەماڵ، دەربەندیخان، دووكان، پێنجوێن و ژمارەیەك شوێنی دیكەش، خۆپیشاندانی مامۆستایان بەڕێوە چوو.
زۆرترین دروشم دژی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە وترایەوە، كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو "دەبێت یەكشەممە 22-10-2023، مامۆستایان دەست بە دەوام بكەنەوە". هەروەها هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێكاری ئیداریی دژی مامۆستایان كردبوو.
مامۆستایان ڕایانگەیاند "وەزارەتی پەرەردە و حكومەتی هەرێم ماوەبەسەرچوون و كاتبەڕێكەرن، بڕیارەكانیان بایەخیان نییە". هەروەها ڕەخنەیان لە وەزیری پەروەردە گرت و وتیان "دەبێت داوای لێبوردن بكات، لەبری هەڕەشە لە مامۆستایان، دەبوو چەند ساڵە كاری بكردایە بۆ گەڕاندنەوەی دەنات مووچەی خوراوی مامۆستایان و دامەزراندنی وانەبێژان و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە كە بە شێوەیەكی نایاسایی ڕاگیراوە".
هەر لە خۆپیشاندانەكاندا پرۆژەی "هەژماری من" كە كردنەوەی هەژماری بانكییە بۆ فەرمانبەران لە "بانكی كەرتی تایبەت"دا و بڕیارە لە داهاتوودا مووچەكانیان بخرێتە سەر ئەو هەژمارانە، لەلایەن مامۆستایانەوە ڕەت كرایەوە.
دەربارەی كاردانەوەی وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە بەردەوامیی بایكۆت، پەرەگراف پەیوەندیی بە سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەوە كرد، ناوبراو ڕایگەیاند "ناتوانم هیچ لێدوانێك لەسەر ئەو بابەتە بدەم، هەر شتێكی فەرمیمان هەبێت بڵاوی دەكەینەوە".
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە وتیشی "تا ئێستا هیچ بڕیار و پەیامێك سەبارەت بە مامەڵەی نوێی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ بابەتی بایكۆت، لەئارادا نییە".
لە 13-9-2023 كە ڕۆژی لێدانی زەنگی دەستپێكردنی خوێندنی ئەمساڵ بوو، مامۆستایانی هەمیشەیی و مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و سەرجەم قەزا و ناحیەكانی دەوروبەریان، بایكۆتیان ڕاگەیاند و 40 ڕۆژە دەوامیان نەكردووە.
ڕۆژی 19ی ئەم مانگە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەرەروەدەی هەرێمی كوردستان، هەڕەشەی "بەكارهێنانی هەموو دەسەڵاتەكان"ی كرد و ڕایگەیاند "دەبێت یەكشەممە 22-10 لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین، بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستایان دەست بە خوێندن بكەنەوە".
وەزیری پەروەردە وتیشی "لە 13ی ئەیلوولەوە دەوامی خوێندن دەستی پێ كردووەتەوە، بەداخەوە تا ئێستا نزیكەی 650 تا 700 هەزار قوتابی و خوێندكار لە خوێندن بێ بەشن".