وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی داهات و خەرجیی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی بڵاو كردەوە

21-10-2023 09:18

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی داهات و خەرجیی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی بڵاو كردەوە و دەڵێت "لەمەودوا ڕاپۆرتی خەرجی و داهاتی هەرێمی كوردستان هەر شەش مانگ جارێك بڵاو دەكرێتەوە".

بەپێی ئەو خشتەیەی كە وەزارەتی داریی هەرێم بڵاوی كردووەتەوە، كۆی داهاتی شەش مانگی سەرەتای 2023، حەوت ترلیۆن و 918 ملیار و 501 ملیۆن دینار بووە، هەروەها كۆی خەرجی هەشت ترلیۆن و 395 ملیار و 501 ملیۆن دینار بووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت "لەسەر بنەمای پەیڕەوكردنی شەفافیەت و لەپێناو جێبەجێكردنی سیاسەتێكی ڕوون و ئاشكرا بۆ بەڕێوەبردنی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی كارنامەی چاكسازی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە بڕیاری بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، لەمەودوا ڕاپۆرتی خەرجی و داهاتی هەرێمی كوردستان هەر شەش مانگ جارێك بڵاو دەكرێتەوە".

هەروەها دەڵێت "سەرجەم داتاو زانیارییەكانی ڕاپۆرتەكە لەلایەن لیژنەی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان وردبینی و پەسەند كراوە".

بەپێی ئەو خشتەیەكی كە وەزارەتی دارایی بڵاوی كردووەتەوە، داهاتی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە 1-1-2023 تا ڕۆژی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت كە 25-3-2023 بوو، دوو ترۆلیۆن و 935 ملیار و 935 ملیۆن دینار بووە، هەروەها نەوتی فرۆشراو لە ناوخۆدا لە شەش مانگادا بریتی بووە لە 309 ملیار و 967 ملیۆن دینار بووە. داهاتە نانەوتییەكانیش دوو ترلیۆن و 74 ملیار و 597 ملیار دینار بووە.

بەشێكی دیكەی داهاتی هەرێم ئەو پارەیە بووە كە حكومەتی عێراق بۆی ڕەوانە كردووە، كە بڕەكەی 998 ملیار دینا بووە، هەروەها بەشێكی دیكە داهات قەرزی بانكە عێراقییەكان بووە كە یەك ترلیۆن و 600 ملیار دینار بووە.

هەرچی خەرجییەكانی هەرێمی كوردستانیشە پێنج جۆر بووە، كۆی خەرجیی مووچە لەو شەش مانگەدا پێنج ترلیۆن و 646 ملیار و 572 ملیۆن دینار بووە، پێدانی بەشێك لە شایستەی كۆمپانیاكانی نەوت كە یەك ترلیۆن و 600 ملیار و 146 ملیۆن دینار بووە، خەرجیی كڕینی وزەی كارەبا لە كەرتی تایبەت 129 ملیار و 815 ملیۆن دینار بووە، هەروەها خەرجیی پرۆژەكانی وەبەرهێنان 371 ملیار و 969 ملیۆن دینار بووە، خەرجییەكانی دیكەی بەكاربردنیش 646 ملیار و 997 ملیۆن دینار بووە.