مەسروور بارزانی: هاووڵاتیان لە داهاتوودا بە خێرایی هەست بە گۆڕانكاری لە ژیانیاندا دەكەن

21-10-2023 12:41

پەرەگراف

سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "بانكەكانی كەرتی گشتی نەیانتوانیوە پێداویستیی هاووڵاتیان دابین بكەن و هەر هاوكارییەك پێویست بێت پێشكەشی بانكە تایبەتییەكانی دەكەین". ڕایشیدەگەیەنێت "هاووڵاتیانی ئێمە لە داهاتوودا بە خێرایی هەست بە گۆڕانكاری لە ژیانیاندا دەكەن و كار دەكەین بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و بازرگانان بتوانن لە هەر شوێنێك و لە هەر كاتێكدا بیانەوێت، دەستیان بە خزمەتگوزارییە داراییەكان بگات".

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە كۆنفرانسی ساڵانەی بانكی عێراقی كە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوە دەچێت، وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا وتی "لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا خانەنشیننانی هەرێمی كوردستان چیتر ناچار نابن چەندین كاتژمێر لە گەرمای هاوین و سەرمای زستاندا بۆ وەرگرتنی مووچە لە سەرەدان بن، بەڵكو لە ڕۆژێكی دیاریكراودا پارەكانیان دەچێتە سەر هەژمارە بانكییەكانیان. بازرگانانیش ناچار نابن بە قەربارەیەكی زۆر پارە لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن".

سەبارەت بە "پرۆژەی هەژماری من"، مەسروور بارزانی وتی "تا كۆتایی ئەمساڵ، هەزاران فەرمانبەری كەرتی گشتی تۆمار دەكرێن و هەژماری بانكییان لە بانكە تایبەتەكانەوە بۆ دەكرێتەوە، بۆ ئەوەی مووچەكانیان لەو ڕێگەیەوە وەربگرن". ڕایشیگەیاند "ئێمە پابەندین بەوەی تا كۆتایی ساڵی داهاتوو یەك ملیۆن مووچەخۆر هەژماری بانكییان هەبێت".

"هاووڵاتیانی ئێمە لە داهاتوودا بە خێرایی هەست بە گۆڕانكاری لە ژیانیاندا دەكەن، بۆ نموونە لە شێوازی پارەدان و كڕینی خۆراك و سووتەمەنی، تا ئەوەی بە ئاسانی لە كاتی گەشتكردن بۆ دەرەوە بە متمانەوە كارتی بانكی و خزمەتگوزارییەكانی بەكار بهێنن. خاوەنكارانیش دەتوانن سوود لە دەرفەتەكانی بارزگایی ئەلیكترۆنی وەربگرن و پارە بگوازنەوە بۆ بواری بازرگانی"، سەرۆكی حكومەتی هەرێم وای وت.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە باسی لە پارەی دانەوێڵەی جووتیارانیش كر كە ساڵانە لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێم دەكرێت و وتی "پێیسوتە وا بكەین پارەی جووتیاران ڕاستەوخۆ بچێتە سەر هەژماری بانكییان، كاتێك گەنم و دانەوێڵەیان بە حكومەت دەفرۆشن".

هەموو ئەو شتانەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم باسی كردن، لە ڕێگەی بانكی كەرتی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێن و سەرۆكی حكومەت دەڵێت "هیوادارم بە زووترین كات ئەم گۆڕانكارییانە ئەنجام بدرێن".

سەبارەت بە بانكەكانی كەرتی گشتی كە حكومەت خۆی بەڕێوەیان دەبات، مەسروور بارزانی وتی "بانكەكانی كەرتی گشتی نەیانتوانیوە پێداویستیی هاووڵاتیانمان دابین بكەن، پشتبەستن بە پارەی كاش گەشی ئابووریی ئێمەی سنووردار كردووە و دەرفەتی ساختەكاری و سپیكردنەوەی پارەی ڕەخساندووە".

مەسروور بارزانی هیچ باسێككی لە هەوڵدان بۆ پێشخستنی بانكەكانی كەرتی گشتی نەكرد و لە بەرانبەریشدا وتی "هەر هاوكارییەك پێویست بێت پێشكەشی بانكە تایبەتییەكانی دەكەین، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەكانیان باشتر و خێراتر بكەن".