پەرەگراف
گەنجێكی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بەلجیكا بە "تاوانی سەرۆكایەتیی یەكێك لە گەورەترین باندەكانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە (قاچاخچێتیی كۆچبەران) بە 11 ساڵ زیندانیكردن و غەرامەی 80 هەزار یۆرۆ سزا درا".
پۆلیسی بەلجیكا دەڵێت "هیوا ڕەحیمپووری تەمەن 30 ساڵ، سەرۆكی باندێك بووە كە 10 هەزار كەسی بە ڕێگای قاچاخ و بەلەمی بچووك گەیاندووەتە بەریتانیا".
بەپێی هەواڵێكی بەشی فارسیی ماڵپەڕی بی بی سی، هیوا ڕەحیمپوور كە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، لە تەمەنی 23 ساڵیدا و لە ساڵی 2016 چووەتە بەریتانیا و داوای مافی پەنابەرێتیی كردووە. وتوویەتی "وەكوو كوردێكی ئێرانی لە وڵاتەكەمدا ڕووبەڕووی ئازار و ناڕەحەتی بوومەتەوە". لە ساڵی 2020یشدا مافی مانەوە لە بەریتانیای پێ دراوە.
دواتر هیوا ڕەحیمپوور لەگەڵ هاوڕێیەكی لە بەریتانیا سەرتاشخانەیەكی داناوە و پاشن دەستی داوەتە كاری قاچاخچێتیی كۆچبەران.
بی بی سی دەڵێت "ئەو سەرۆكی باندێك بووە كە بەلەم، ماتۆڕ و هێلەگی ڕزگاركردنی بۆ قاچاخچێتیی كۆچبەران دابین كردووە. لە توركیا و چینەوە ئەو پێداویستییانەیان هاوردەی ئەڵمانیا و بەلجیكا و هۆڵەندا كردووە. بەلەمەكانیان ڕەوانەی كەناراوەكانی فەرەنسا كراون بۆ پەڕاندنەوەی كۆچبەران".
هیوا ڕەحیمپوور لە مانگی پێنجی 2022 لە ئیلفۆرد لە ڕۆژهەڵاتی لەندەن دەستگیر كراوە و لەلایەن پۆلیسەوە دەست بەسەر "135 بەلەم، 45 ماتۆڕ و 1200 هێلەگی ڕزگاركردندا گیراوە".
دەستگیركردنی ئەو "قاچاخچییە كوردە" لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی هاوبەشی پۆلیسی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیكا و هۆڵەندادا بووە كە تێیدا "زیاتر لە 40 كەس" دەستگیر كراون.