پەرەگراف
مەكتەبی سیاسیی یەكێتی وەفدێكی بە سەرۆكایەتیی بافڵ تاڵەبانی بۆ سەردانكردنی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم پێك هێنا. بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە جێبەجێكردنی پلانی سەردانەكان بكرێت. پێشتر سەرۆكی یەكێتی ڕایگەیاند، سەردانی لایەنەكان بۆ گەیشتن بە یەكڕیزی و چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی، ڕایگەیاند "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا، وەفدێك بە سەرۆكایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، پێكهێنرا بۆ سەردانكردنی هەموو لایەنە سیاسییەكان".
وتەبێژی یەكێتی وتیشی "بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكێتی ڕاسپێردرا كە لە هەفتەی داهاتوودا قسە لەگەڵ لایەنەكان بكات بۆ دیاریكردنی شوێن و كاتی كۆبوونەوەكان".
سەعدی پیرە دەڵێت "لە كۆبوونەوەكاندا بارودۆخی كۆنگرەی یەكێتی بۆ لایەنەكان باس دەكەین و هیواداریشین سەردانەكان ببنە هەوێنی یەكڕیزیی نیشتمانی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان".
پێشر لە ڕۆژی 11-10-2023، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، لە پانێڵی "سیستمی سیاسی و دەوڵەتسازی لە عێراق" لە دیداری میری، سەبارەت بە پلانیان بۆ یەكڕیزیی كورد وتی "با لێرە نهێنییەكی ناو حیزب ئاشكرا بكەم بۆتان، بەنیازین بە زووترین كات وەفدێك بۆ لای هەموو لایەنەكانی كوردستان بنێرین. هەوڵێك بدەین بە بیر و بۆچوونێكی تازەوە بەرنامەی خۆمانیان بۆ شەرح دەكەین".
بافڵ تاڵەبانی جەختی كردەوە كە "ئەوەی كە پێشتر ڕووی داوە، ئێمە هیچ حسابی بۆ ناكەین، دەمانەوێت جارێكی تر دەست پێ بكەینەوە. هەوڵێكی جیددی لەگەڵ هەموو لایەنەكان بدەین".
سەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەش كرد "هەر زوو لە یەكەم كۆبوونەوەی سەركردایەتی، ئەوەڵین شت جەنابی سەرۆك و ئەو شتانەمان لابرد، دووەمین شت ئەو وەفدە بوو كە باس كرا".