پەرەگراف
وەزیری پەرەروەدەی هەرێمی كوردستان هەڕەشەی "بەكارهێنانی هەموو دەسەڵاتەكان"ی دەكات و ڕایدەگەیەنێت "دەبێت یەكشەممە لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین، بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستایان دەست بە خوێندن بكەنەوە". بە پێچەوانەشەوە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، هەمان ڕۆژیان بە ئەنجامدانی "خۆپیشاندانی سەرتاسەری" دیاری كردووە و دەڵێن "لە بایكۆتكردنی دەوام بەردەوام دەبین".
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "لە 13ی ئەیلوولەوە دەوامی خوێندن دەستی پێ كردووەتەوە، بەداخەوە تا ئێستا نزیكەی 650 تا (700 هەزار قوتابی و خوێندكار لە خوێندن بێ بەشن".
ئالان حەمەسەعید وتیشی "هەموومان قەناعەتمان بەوە هەیە كە مووچە مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانە، بەڵام دەبێت هەموومان بزانین ئەم دۆخە دۆخێكی گشتییە، واتا بە تەنیا وەزارەتی پەروەردە نییە، هەموو كایەكانی تری ژیان نەوەستاوە تا وەزارەتی پەروەردە بوەستێنین".
وەزیری پەروەردە دۆخی خوێندن لە سنووری ئەو ناوچانەی كە بایكۆتیان كردووە، بە "لە مەترسیدایە" ناو برد و وتی "بە ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەم وتووە كە تەحەمولی بەرپرسیارێتی دەكەم بۆ ئەوەی دۆخی خوێندن دەست پێ بكاتەوە، تەواوی دەسەڵاتەكانم بۆ ئەم مەبەستە بەكار دەهێنم".
لە بەرانبەردا مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بڕیاری "بەردەوامیی بایكۆت"یان دا، ڕۆژی یەكشەممەیشیان بۆ ئەنجامدانی "خۆپیشاندانی فراوان و سەرتاسەری" دیاری كردووە.
مامۆستا سامان عەلی، ئەندامی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك وەڵامی وەزیری پەروەردەی دایەوە و دەڵێت "نەك وەزیر، بەڵكو سەرۆكی حكومەتیش توانای ئیجرائاتی نییە، چونكە كاربەڕێكەرن. كەس لە هەڕەشە بەتاڵەكانیان نەترسێ". دەشڵێت "یەكشەممە لە شەقامین و لەوێ وەڵام دەدەینەوە".
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێن "پێمان وایە دابەشكردنی مووچە ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، تاكە چارەسەرە". دەشڵێن "پرسی مووچە هەنگاوی باشی بڕیوە و لە چارەسەری ڕیشەیی نزیك بووەتەوە".
