پارێزگاری سلێمانی: ژمارەیەكی زۆری ناوەندەكانی خوێندن دەستیان بە خوێندن ‏كردووەتەوە

17-10-2023 05:32

پەرەگراف

پارێزگاری سلێمانی جارێكی دیكە داوا لە مامۆستایان دەكات دەوام دەست پێ‌ بكەنەوە و ‏ڕایدەگەیەنێت "ژمارەیەكی زۆری ناوەندەكانی خوێندن دەستیان بە خوێندن ‏كردووەتەوە". هەڤاڵ ئەبووبەكر جەخت دەكاتەوە كە "لەگەڵ مامۆستایانداین و ‏پشتیوانیانین، بەڵام نابێت ئەوەی داوای دەكەین زیان بە نەوەكانمان بگەیەنێت".‏

پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ بۆ میدیاكان دوا و ڕەخنەی لە حكومەتی هەرێم گرت بۆ ‏دابیننەكردنی مووچە و وتی "ئەوەی كە حكومەتی هەرێم بە 32 ساڵ حوكمڕانی ‏نەیتوانیوە مووچەی مانگێك پاشەكەوتی هەبێت، كەمتەرخەمی و ستەمێكە لە ‏مووچەخۆران و بازاڕ و كایەی گشتی، داواكەی ئێمە ئەوەیە كە نابێت ئێمە بۆ سەندنی ‏مافی خۆمان، ستەمێكی دیكە لە قوتابیان و خوێندكاران بكەین".‏

‏"پەیامی ئێمە گوزارشت نییە لە هیچ هێزێكی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات، ئێمە لە ‏گیانی بەرپرسیارێتیمانەوە پەیامی خۆمان داوە كە ئیدارەی پارێزگایەك دەدەین زیاتر لە ‏دوو ملیۆن و 400 هەزار كەسی تێدایە، دەبێت بە خەمی هەموو پێكهاتەكانەوە بین"، ‏هەڤاڵ ئەبووبەكر وا دەڵێت.‏

هەروەها داوای لە حكومەتی فیدراڵی كرد "بودجە بنێرێت" و وتیشی "ئەو ئەركە ‏دەخەینە سەر شانی حكومەتی هەرێم كە مووچە دابین بكات".‏