سی پی تی: 22 هاووڵاتیی مەدەنيی هەرێم لە هێرش و بۆردوومانی توركیادا شەهید و بریندار بوون

17-10-2023 05:07
ئەندامانی ڕێكخراوی سی پی تی و كوڕی یەكێك لە شەهیدانی بۆردوومانەكانی توركیا. فۆتۆ: سی پی تى

پەرەگراف

تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی سی پی تی، ژمارەی قوربانیانی مەدەنی و جۆر و ‏هێرشی بۆردوومانەكانی توركیا بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان بڵاو ‏دەكاتەوە و دەڵێت "لە ساڵی 2023دا 22 هاوڵاتیی مەدەنی شەهید و بریندار بوون".‏

تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی سی پی تیی ئەمریكی دەڵێت "لە 1ی كانوونی ‏دووەمی 2023 تاوەكو 17ی تشرینی یەكەمی 2023، بەهۆی بۆردوومان و ‏ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا، 10 هاووڵاتیی مەدەنی شەهید ‏بوون و 12 هاووڵاتیی تری مەدەنیش بریندار بوون".‏

سی پی تی دەڵێت "شەش لەو هاووڵاتییە مەدەنییانە بەهۆی هێرشی فڕۆكەی ‏بێفڕۆكەوان، سێ‌ هاووڵاتیی تر بەهۆی فڕۆكەی جەنگی، یەك هاووڵاتی بەهۆی ‏تەقینەوەی مین لە دەوروبەری یەكێك لە بارەگا سەربازییەكان شەهید بوون".‏

هەروەها لەناو بریندارەكانیشدا "دوو هاوڵاتیی مەدەنی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ‏سەربازانی توركیا، نۆ هاووڵاتیی تریش بەهۆی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و یەك هاووڵاتیش ‏بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون".‏

وەكوو تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی سی پی تی پۆلێنی كردووە، "لەناو ‏شەهیدەكاندا سێ‌ هاووڵاتی لە كاتی كۆكردنەوەی گژوگیای بەهارەدا و شەش هاووڵاتیی ‏تر لەناو ئۆتۆمبێل و یەك هاووڵاتیش لە ماڵەوە بە ئامانج گیراون".‏

‏"هەرچی بریندارەكانیشن، دوو كەسیان لە كاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەكانیاندا، پێنج ‏كەسیان لەناو ئۆتۆمبێل، سیانیان لەناو كەمپی ئاوارەكانی مەخموور، یەك هاووڵاتی ‏لەكاتی كۆكردنەوەی گژوگیای بەهارە و یەك هاووڵاتیی تریش لەناو ماڵەكەی خۆیدا ‏بەئامانج گیراون"، سی پی تی وا دەڵێت.‏

سەبارەت بە شوێنی ڕووداوەكان و هێرشەكان بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی، ڕێكخراوەكە ‏دەڵێت "لە پارێزگای دهۆك چوار شەهید و دوو بریندار، لە پارێزگای هەولێر یەك ‏شەهید و هەشت بریندار، لە پارێزگای سلێمانی پێنج شەهید و دوو بریندار بەهۆی ‏ئۆپەراسیۆن و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم لە ساڵی 2023دا تۆمار كراون".‏

تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی ‏CPTی ئەمریكی، ئاماژە بەوەش دەكات "سوپای ‏توركیا لە درێژكراوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی قوفڵدا كە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ‏‏2022دا ڕایگەیاند، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە قووڵاییەكی زیاتر و بە دووریی سەدان ‏كیلۆمەتر لە سنووری نێوان توركیا-عێراق، سەرباری بە ئامانجگرتنی گەریلاكانی پارتی ‏كرێكارانی كوردستان، هاووڵاتیانی مەدەنی و گوندنشینان و جووتیارانی هەرێمی ‏كوردستان بە ئامانج دەگرێت".‏