پەرەگراف
فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە سنووری كۆیە ئۆتۆمبێلێكی بۆردوومان كرد و بەهۆیەوە كەسێك كوژراو و كەسێكی دیكەش بریندار بوو. دژەتیرۆری پارتی دەڵێت "فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكەی كردووەتە ئامانج".
ئۆتۆمبێلەكە لە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ لە نزیك گوندی كانی كەند سەر بە ناوچەی چنارۆك كراوەتە ئامانج. سەرچاوەیەك لە تەندروستیی كۆیە بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "پیاوێك و سێ ژن لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا بوون، پیاوەكە كە شۆفێر بوو، پاش چارەسەری سەرەتایی گیانی لەدەست دا، یەكێك لە ژنەكانیش بە سووكی بریندار بوو و دوانەكەی دیكە سەلامەت بوون".
بەپێی سەرچاوەكەی پەرەگراف "بە قسەكردنیانیاندا دیار بووە كە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەكە كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستان بوون، سەرەتا وتوویانە كە لە كەمپی مەخموورەوە هاتوونەتە ناوچەكە و ئێستا ویستوویانە بگەڕێنەوە بۆ مەخموور تووشی ئەو ڕووداوە بوون".
لەبارەی ڕووداوەكەوە، دژەتیرۆری كوردستان (دژەتیرۆری پارتی) دەڵێت "ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تشرینی یەكەمی 2023، كاتژمێر 10:50ی پێشنیوەڕۆ، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكە لە نزیك گوندی كانی كەند لە قەزای كۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر كردە ئامانج، بەهۆیەوە كەسێك كوژراو و كەسێكی دیكەش بریندار بوو".