وەزیری دارایی هەرێم بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی لیژنەی دارایی دەچێتە بەغدا

16-10-2023 03:06

پەرەگراف

وەزیری دارایی هەرێم لەسەر داواکارییەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەچێتە بەغدا بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان لەسەر داهات. فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم دەڵێت "بۆ بەرگریكردن لە مافی ‏مووچەخۆران و لەسەر داوای حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەچێتە بەغدا".

پێشتر لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داوای ئامادەبوونی هەردوو وەزیری دارایی عێراق ‏و هەرێمی لە كۆبوونەوەیەكی لیژنەكەدا كرد، بۆ وەڵامدانەوە پرسیارەكان لەسەر داهات و ‏خستنەڕووی ئەو داتایانەی كە ئەندامانی لیژنەكە زانیاریی وردیان لەسەر نییە.‏

وەزیری دارایی هەرێم سبەی 17-10-2023 دەچێتە بەغد و ڕۆژی دواتر بەشداریی ‏كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی دەكات بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكان.‏

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم دەڵێت "بۆ بەرگریكردن لە مافی ‏مووچەخۆران و لەسەر داوای حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاوات جەناب، وەزیری ‏دارایی، دەچێتە بەغدا و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە".‏

ئەم لێدوانەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە كاتێكدایە كە بەشداریی وەزیری دارایی ‏هەرێم لەسەر داوای لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بووە و سەرۆكی حكومەتی هەرێم ‏ڕەزامەندیی لەسەر نیشان داوە، كۆبوونەوەكە لەسەر داوی حكومەتی هەرێم دوو هەفتە ‏دواخرا.‏

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەیەوێت بڕی مووچە و ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی ‏كوردستان و پلەكانیان، ژمارەی خانەنشینان و ئەو كەسانەی چاودێریی كۆمەڵایەتی ‏دەیانگرێتەوە، هەروەها داهاتە نانەوتییەكان و داهاتی دەروازە نافەرمییەكان لە وەزیری ‏دارایی هەرێم وەربگرێت، ژمارەیەك پرسی دیكەی داراییش لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێ‌ ‏بكرێت.‏

ڕۆژی 4-10-2023، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ‏نووسراوێكی ئاراستەی نوێنەرایەتیی هەرێم لە بەغداد كرد و تێیدا ڕایگەیاندووە كە ‏سەرۆكوەزیرانی هەرێم ڕەزامەندیی نیشان داوە لەسەر داواكاریی لیژنەی دارایی ‏پەرلەمانی عێراق بۆ ئامادەبوونی وەزیری دارایی و شاندی هەرێم لە كۆبوونەوەی ‏داواكراو، بەڵام داوای كرد وادەیەكی دیكە بۆ كۆبوونەوەكە دیاری بكرێت.‏

هەمان ڕۆژ نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد، بە نووسراوێكی ‏فەرمی وەڵامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی داوەتەوە و تێیدا ڕەزامەندیی مەسروور ‏بارزانیی لەسەر كۆبوونەوەكە ڕاگەیاندووە، بەڵام داوای دواخستنی كردووە.‏

لە نووسراوەكەدا هاتبوو "وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان ئەم هەفتەیە و هەفتەی ‏داهاتوویش ناتوانێت لە لیژنەی دارایی ئامادە بێت، چونكە سەرقاڵە بە سەرپەرشتیی ‏فەرمانگەكانی وەزارەتەكەی بۆ ئامادەكردنی داواكارییەكانی دەستكردن بە وردبینی لە ‏ژمارە و بڕی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و ئەو كەسانەی چاودێریی كۆمەڵایەتی ‏لە هەرێم دەیانگرێتەوە".‏

دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی ‏هەرێمی كوردستان، سەرقاڵی وردبینیكردنە لە داتاكانی مووچەخۆرانی هەرێم و بڕی ‏مووچەی پێویست بۆیان.‏

ڕۆژی 30-9-2023، عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ‏نووسراوێكی ئاراستەی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد كرد. تێیدا ‏داوای كردبوو ڕۆژی پێنجشەممە 5-10-2023، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان لە لیژنەكەیان ئامادە بێت بۆ تاوتوێكردنی ژمارەیەك دۆسیە و پرسی دارایی.‏