مامۆستایانی وانەبێژ جارێکی دیکە دەچنەوەسەر شەقام و داوای ھەڵوێست لە بەرپرسانی پەروەردە دەکەن
پەرەگراف
مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی، ئەمڕۆش ناڕەزاییان پیشانداو جلوبەرگی ڕەشیان پۆشیو دەڵێن: "زیاتر لە مانگێکە هاوار دەکەین، ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە بەرپرسانی پەروەردە قسە بکەن".
ھاوکات لە هەڵەبجە و سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین و کۆیە، مامۆستایان بەردەوامن لە بایکۆت و داوای دامەزراندن و دابەشکردنی مووچە دەکەن لە کاتی خۆیدا.
هەرچەندە وەزارەتی دارایی و پەروەردە پێشنیاریان بۆ ئەنجومەنی وەزیران کردووە کە مامۆستایانی وانەبێژ بە گرێبەست دابمەزرێندرێن، ئەوەش وەک چارەسەرێک بۆ دۆخی وانەبێژان دوای دەیان خۆپیشاندان و ئاڕاستەکردنی زیاتر لە ٥٠٠ یاداشت بە مەبەستی دامەزراندنیان، بەڵام هێشتا حکومەت بڕیاری نەداوە.
بە کردنە گرێبەستی مامۆستایانی وانەبێژ مووچەی مانگانەیان زیاد دەکات و وەزیری دارایی دەڵێت، بڕی چوار ملیارو ٢٥٥ هەزارو ٨٩٦ هەزار دینار زیاد دەبێت بۆ کۆی ئەو مووچەیەی لە ئێستادا وانەبێژان وەری دەگرن.
لە سەرەتای کابینەی ٩ی حکومەت ١٧ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەبوون، بەڵام ئێستا زیاتر لە ٣٥ هەزار مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەن و لەسەدا 30ی بۆشاییەكانی كەرتی پەروەردەیان پڕكردووەتەوەو لە ئێستادا بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی ١٤ ملیار دینارە.
مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بەپێی بڕوانامە و ئەو شوێنەی وانەی تێدا دەڵێنەوە جیاوازە، بۆ نمونە ئەو وانەبێژانەی بڕوانامەیان دیپلۆمە بۆ هەر وانەیەک ٣ هەزار دینار وەردەگرن و بەکالۆریۆسیش ٤ هەزار دینار وەردەگرن، بەگشتی کەمترینیان مانگانە 250 هەزار دینار و زۆرترینیشیان 400 هەزار دینار وەردەگرن.