پەرلەمانی عێراق هەڵوێستی لەبارەی غەززەوە ڕاگەیاند

15-10-2023 01:32

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق "سەركۆنە"ی هێرشەكانی ئسرائیل بۆ سەر غەززە دەكات و بە "تاوانی دڕندانە" ناوی دەبات. داوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی "بەپەلە"ی كۆمكاری عەرەبی دەكات و بانگهێشتی پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبیش دەكات بۆ "هەڵوێستی هاوبەش" تایبەت بە پرسی فەلەستین.

هەروەها پەرلەمانی عێراق داوای "كاراكردنی پەیماننامەی بەرگریی هاوبەشی عەرەبی و كاراكردنی جاڕنامەی كۆمكاری عەرەبی" دەكات، چونكە هەر هێرشێك بۆ سەر ئەندامێكی كۆمكاری عەرەبی، بە هێرشكردنە سەر وڵاتانی عەرەبی دادەنرێت. داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات "ڕێگری لە كوشتن و ڕاگواستنی گەلی فەلەستین" بكات.

ڕۆژی شەممە 14-10-2023، پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە كۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی پەرلەمانی عێراق، سەرۆكی فراكسیۆنەكان "هەڵوێستی نەگۆڕی خۆیان بەرامبەر دۆزی فەلەستین دەربڕی و تاوانە دڕندانەكانی قەوارەی زایۆنیستییان لە كۆمەڵكوژی دژ بە گەلی فەلەستین لە غەززە و گەمارۆدانی دانیشتووانەكەیان ڕەت كردەوە".

هەروەها بەپێی ئەنجامی كۆبوونەوەكە، داوا لە كۆمكاری عەرەبی كراوە بۆ ئەنجامدانی "كۆبوونەوەیەكی بەپەلە" بە ئامانجی "ئیدانەكردنی دەستدرێژی بۆ سەر غەززە و كردنەوەی ڕێڕەوی گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی و پزیشكی و خۆراكی بۆ كەرتی غەززە".

پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی یەكێتیی پەرلەمانی عەرەبییش دەكات بۆ "هەڵوێستێكی یەكگرتوو و جیددی كە تێیدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكرێت نادادپەروەری بەرامبەر گەلی فەلەستین هەڵبگرێت و ئەداتی شەڕ بۆ قڕكردنیان بەكار نەهێنرێت".

پەرلەمانی عێراق جەختی لە پابەندبوون بە "مافی گەلی فەلەستین بۆ كۆتاییهێنان بە داگیركاری و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین كە پایتەختەكەی قودس بێت".

هەروەها پەرلەمانی عێراق داوای لە حكومەتی عێراق كردووە هەڵمەتێك بۆ كۆكردنەوەی "زۆرترین هاوكاری" بۆ خەڵكی فەلەستین ئەنجام بدات. وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش ڕێكار بۆ "پشتیوانی لە گەلی فەلەستین" لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بگرێتە بەر.