وزارەتی پەروەردە: هەڕەشە لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكانی سلێمانی كراوە و سكاڵا تۆمار دەكەین
پەرەگراف
وزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو بەڕێوەبەری قوتابخانانەی سلێمانی كە دەستیان بە دەوام كردووەتەوە، "بێڕێزی"یان پێ دەكرێت و "هەڕەشە"یان لێ كراوە. هەر بۆیە "سكاڵای یاسایی" لەسەر ئەو دۆسیە دەجووڵنێت.
سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ماوەیەكە چەندین (ئەكاونت) و (پەیج) و (گرووپ) لە سۆشیال میدیا، كەوتوونەتە بێڕێزیكردن و سووكایەتی و هەڕەشە لە چەندین بەڕێوەبەری قوتابخانە لە پارێزگای سلێمانی، كە دەستیان بە دەوام كردووەتەوە".
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەن، وەزارەتی پەروەردە "بە فەرمی" دەزگای ئاسایشی كوردستانی لەو "هەڕەشە و تەشهیركردن و بێڕێزیكردنە" ئاگادار كردووەتەوە و ڕایگەیاندووە كە "وەكوو وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سكاڵای یاساییمان هەیە، دەمانەوێت ڕووبەڕووی دادگایان بكەینەوە، چونكە قبووڵ ناكەین بەڕێوەبەر و مامۆستایان بیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن و سووكایەتیان پێ بكرێت".
وەزارەتی پەروەردە هەڕەشەی ئەوە دەكات كە ئەگەر دەربكەوێت هەر ئەدیمنێكی ئەو پەیج و گرووپانە پلەی مامۆستایەتیی هەیە، "بە بڕیارێكی فەرمی پلەكەی لێ وەردەگرینەوە".
وەزارەتی پەروەردە "دەستخۆشیی خەمخۆری" لەو بەڕێوەبەر و مامۆستاسانە دەكات كە لە سنووری سلێمانی بایكۆتیان شكاندووە و دەستیان بە دەوام كردووەتەوە و دەڵێت "پاڵپشتیی تەواوتان دەكەین و هێرشكاران ڕووبەڕووی دادگاكان دەكرێنەوە".
"هەر بەڕێوەبەر و مامۆستایەك لەسەر ئەوەی درێژە بە كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن دەدات، لە سۆشیال میدیا تووشی هەڕەشە و بێڕێزیكردن دەبێت، دەتوانێت سكاڵا و دۆكیۆمێنتەكان بۆ ژووری سكاڵای ئەلیكترۆنی وەزارەت بنێرێت، ڕێكاری پێویست دەگیرێتە بەر"، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە وا دەڵێت.
هەرچەندە ماوەی یەك مانگە لە سەرجەم قوتابخانە و زانكۆ حكومییەكانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان ڕاپەڕین مامۆستایان بایۆكتیان كردووە و دەوام ڕاگیراوە، بەڵام ماوەیەكە بەڕێوەبەر و بەشێك لە مامۆستاكانی هەندێك لە قوتابخانەكانی سلێمانی بایكۆتیان شكاندووە، بە تایبەت بۆ وانە وتنەوە بە قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی.