هێرشی زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە نزیكە؛ هەڕەشەی كردنەوەی بەرەیەكی دیكەی شەڕ دژی ئیسرائیل دەكرێت

13-10-2023 05:13
کۆچکردنى دانیشتووانى باکوورى غەززە

پەرەگراف

هێرشی زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە نزیكە و ئێرانیش هەڕەشەی كردنەوەی بەرەیەكی دیكەی شەڕ لە دژی ئیسرائیل دەكات. بانگەوازی ئیسرائیل بۆ چۆڵكردنی باكووری كەرتی غەززە لەلایەن دانیشتوانەكەیەوە، كاردانەوەی فراوانی بەدوادا هاتووە.

شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە حەوتەم ڕۆژیدایە و ئەمڕۆ لەدوای نوێژی هەینی لە چەندین وڵاتە لەوانە: عێراق، ئێران، توركیا، ئەفغانستان و بەنگلادش خۆپیشندانی پشتیوانی بۆ لە غەززە بەڕێوە چوو.

لە نوێترین پێشهاتدا، سوپای ئیسرائیل داوای لە "زیاتر لە یەك ملیۆن" دانشتیوانی باكووری كەرتی غەززە كردووە كە لە ماوەی 24 كاتژمێردا بەرەو باشووری كەرتەكە كۆچ بكەن، بەوهۆیەشەوە كۆڕەو لە كەرتی غەززە دەستی پێ كردووە.
داواكارییەكەی سوپای ئیسرائیل و كۆكردنەوەی هێز لەسەر سنووری ئەو وڵاتە، نیشانەی دەستپێكردنی هێرشی زەمینییە لە نزیكترین كاتدا بۆ سەر غەززە. ئەمەش كاردانەوەی جیاوازی پاڵپشتی و دژایەتیی بەدوادا هاتووە.

ئاژانسی بەھاناوەچوون و كاروباری پەنابەرانی فەڵەستین دەڵێت "دانانی وادە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ گواستنەوەی زیاتر لە ملیۆنێك فەڵەستینی لە باكووری غەززە لە ماوەی ٢٤ كاتژمێردا، ترسناكە و غەززە بەخێرایی دەبێتە چاڵی جەهەنەم و لە لێواری داڕووخاندایە".

هاوكات كۆمكاری عەرەبی داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە دەستوەردان بكات بۆ ڕێگریكردن لە ئیسرائیل بۆ دەركردنی دانیشتوانی غەززە.

توركیاش لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوەی ئەو بانگەوازەی ئیسرائیلی بە "قبووڵنەكراو" ناو بردووە و دەڵێت "بەزۆرەملێ كۆچپێكردنی خەڵكی غەززە كە دوو ملیۆن و 500 هەزار كەسن بۆ ناوچەیەكی زۆر سنووردار، بە ڕوونی پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییە، لە هەمانكاتدا نامرۆڤانەیە".

بە پێچەوانەوە هەریەك لە ئەمریكا و بەریتانیا پشتیوانی لە بانگەوازەكەی ئیسرائیل بۆ چۆڵكردنی غەززە و "سڕینەوەی حەماس" دەكەن.

لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریكا، ئەمڕۆ بە سەردانێك گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ هاوتا ئیسرائیللەكەی كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا. تێیدا هەردوو وەزیری جەختیان لە چۆڵكردنی باكووری غەززە لەلایەن دانیشتوانەكەی كردەوە.

لوید ئۆستن وتی "ئێستا كاتی بێلایەنی و ڕاگرتنی هاوسەنگی نادروست نییە. پنتاڤۆن ئامادە بۆ ناردنی كەلوپەلی سەربازیی زیاتر بۆ ئیسرائیل، لەوانە: سیستەمی بەرگریی ئاسمانی".

وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش وتی "حەماس ناتوانێت لەناو خەڵكدا بژی و ئیسرائیل دەیەوێت لە غەززە و لەسەر ڕووی بیسڕێتەوە".

هەروەها گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، پاڵپشتیی بۆ بانگەوازەكەی ئیسرائیل بۆ چۆڵكردنی باكووری غەززە ڕاگەیاندووە و دەڵێت "بەریتانیا خوازیارە حەماس لەسەر شانۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بسڕێتەوە، بەڵام بە جۆرێك كە ئەوەندەی دەكرێت زیان بە خەڵكی فەڵەستین نەگات".

هاوكات ئەمڕۆ، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دوای سەردانكردنی عێراق، گەیشتە لوبنان و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەیرووت كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ساز كرد.

عەبدوڵڵاهیان ڕایگەیاند "هاتووینەتە بەیرووت بۆ ئەوەی لەگەڵ دەوڵەتانی موسڵمانی دیكەدا بەیەكەوە بە دەنگێكی بەرز ڕایبگەیەنین كە ئیدی ئارام ناگرین بەرامبەر تاوانەكانی ئیسرائیل دەرهەق بە گەلی غەززە".

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی كردەوە كە وڵاتەكەی بە جیدی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی لایەنە فەڵەستینییەكان و وتی "هەندێك بەرپرسی ڕۆژئاوایی پرسیار دەكەن لەبارەی ئەگەری كردنەوەی بەرەیەكی نوێ دژ بە ڕژێمی زایۆنیزم (ئیسرائیل). منیش دەڵێم: ئەگەر زایۆنیزمەكان بەردەوام بن لەسەر ئەنجامدانی واتانی جەنگ، ئەوا هەموو جۆرە ئەگەرێك لە بەرەی بەرگریدا كراوەیە".

هەرچەندە ئەو وەزیرە ئێرانییە ئاماژەی بە وردەكاریی ئەو "بەرەی بەرگرییە" نەكرد، بەڵام پێشبینی دەكرێت مەبەستی هێرشی حزبوڵڵای لوبنان بێت بۆ سەر ئیسرائیل.

لای خۆیشەوە نائیم قاسم، جێگری سكرتێری گشتیی بزووتنەوەی حزبوڵڵا لە لوبنان، سەبارەت بە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ڕایگەیاند "كە كاتی كردەكە هات، ئێمەیش دەست بە جووڵە دەكەین".

لە پاش نوێژی هەینی، نائیم لە خۆپیشاندانی هاودەنگیی لەگەڵ غەززە كە لە ناوچەی دەحیە-ی بەیروت بەڕێوەچوو، وتارەكی پێشكەش كرد و وتی "حزبوڵڵا بەپێی دیدگای خۆی هاوكاریی پێكدادانەكان دەكات".

لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ، دۆخی كەرتی تەندروستی لە غەززە خراپە و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ڕایگەیاند "شوێنی مانەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانەكانی كەرتی غەززەی گەمارۆدراو خەریكە پڕ دەبێتەوە و دەرمان و سووتەمەنیش لە تەواوبووندایە".

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، تا ئێستا "1799" كەس كوژراون و "6388" كەسی دیكەش بریندار بوون. ئیسرائیلیش كوژرانی "1300" كەس و برینداربوونی "3436" كەسی ڕاگەیاندووە.