پەرەگراف
ئاماری كوژراوانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ زیاتر لە 2500 كەس بەرز بووەتەوە و زیاتر لە نۆ هەزار كەسیش بریندار بوون. ئیسرائیل دەڵێت "تا دیلەكان ئازاد نەكرێن، كارەبا و ئاو و سووتەمەنی بۆ غەززە نییە". خاچی سووریش هۆشداری دەدات كە بەهۆی بڕینی تەواوەتیی كارەباوە، "نەخۆشخانەكانی غەززە دەبن بە مردووخانە".
شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە شەشەم ڕۆژیدا بەردەوامە، پێكدادانە چەكدارییەكان بە تەواوی كەمبوونەوەتەوە و ئەوەی ماوە بۆردوومانكردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیل و مووشەكبارانكردنی ئیسرائیلە لەلایەن حەماسەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت "لە ڕۆژی شەممەوە تا ئێستا هێرشمان بۆ سەر 2600 ئامانج لە غەززە ئەنجام داوە و زیاتر لە 5000 مووشەك لە غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل كراوە".
بەپێی نوێترین ئاماری فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ "1354" كەس لە هێرشەكانی ئیسرائیلدا كوژراون و "6049" كەسیش بریندار بوون.
بەپێی ئاماری فەرمیی ئیسرائیل، بەلای كەمەوە "1200" كەس لە هێرشەكانی حەماسدا كوژراون و زیاتر لە 3000 كەس بریندار بوون.
سوپای ئیسرائیل ناسنامەی "97 دیل"ی پشتڕاست كردووەتەوە كە لەلایەن حەماسەوە بەدیل گیراون.
ئیسرائیل كاتز، وەزیری وزەی ئیسرائیل، دەڵێت "تا دیلە ئیسرائیلییەكان ئازاد نەكرێن، گەمارۆی سەر غەززە كۆتایی نایەت، هیچ پلاكێكی كارەبا هەڵناكرێت، هیچ بەلوعەیەكی ئاو ناكرێتەوە، هیچ بارهەڵگرێكی سووتەمەنی ناچێتە ناو غەززەوە".
پاش بڕینی كارەبای غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، ڕۆژی ڕابردوو تاكە سەرچاوەی كارەبای غەززە كە نەخۆشخانە و دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان سوودیان لێ وەردەگرت، بەهۆی نەمانی سووتەمەنی لە كار وەستاوە. كۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور هۆشداری دەدات كە بە بڕینی تەواوەتیی كارەبای غەززە، "نەخۆشخانەكان دەگۆڕین بۆ مردووخانە".
ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەمڕۆ گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە، بڕیاریشە لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆكی فەڵەستین كۆببێتەوە.
بلینك لەگەڵ گەیشتنیشی، پاڵپشتیی ئەمریكای بۆ ئیسرائیل دووپات كردەوە و وتیشی "تەنیا وەكوو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی ئیسرائیلە نەكردووە، بەڵكوو وەكوو جوولەكەیەكیش سەردانم كردووە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت "تا ئێستا 25 هاووڵاتیی بە ڕەگەز ئەمریكی لە هێرشەكانی سەر ئسرائیلدا كوژراون".