وتەبێژی حكومەتی هەرێم: 18ی مانگ وەزیری دارایی سەردانی بەغدا دەكات

12-10-2023 12:24

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت "هەر كەسێك واژووی کردبێت کە حكومەتی فیدراڵ ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، كەسێكی نابەرپرسە بەرانبەر خوێنی شەهیدان و پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێم". پێشەوا هەورامانی دەشڵێت "ئەم كارە بە تەواوی پێچەوانەی دەستوورە و حكومەتی عێراق ئەم داوایەیان جێبەجێ‌ ناكات".

وتەبێژی حكومەتی هەرێم پاش كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە. سەبارەت بە مووچە وتی "ئەو 700 ملیار دینارەی كە مانگانە لە بەغداوە بە قەرز بۆ هەرێم دەنێردرێت، مووچەی مانگەكانی 7، 8 و 9ـی پێ‌ دابەش دەكرێت".

سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی مانگەكانی 10، 11 و 12یش، پێشەوا هەورامانی وتی "لەگەڵ حكومەتی عێراق لە گفتوگۆداین و كرانەوە و لێكتێگەیشتنی باش هەیە بۆ ئەوەی هیچ مووچەیەكی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەفەوتێت".

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاشكرایشی كرد كە "وەزیری دارایی هەرێم ڕۆژی 18ی مانگ دەچێتە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەڵامدانەوەی پرسیارەكانیان".