پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "ڕەنگە لەم كاتەدا نەتوانین مووچە دابین بكەین، بەڵام دەتوانین ئاسایش بۆ میللـەتەكەمان دابین بكەین و كەرامەتیان بپارێزین". دەشڵێت "خەڵك لێمان بێزارن و دەبێت خۆمان بگۆڕین". بافڵ تاڵەبانی ڕەتى دەکاتەوە بشچێت بۆ توركیا و ڕایدەگەیەنێت "كێشەی ئێمە لەگەڵ توركیا چارەسەركردنی قورسە".
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، لە پانێڵی "سیستمی سیاسی و دەوڵەتسازی لە عێراق" لە دیداری میری، وتی "ڕەنگە ئەم دەقەیە نەتوانین مووچە وەكوو پێویست بۆ میللـەتەكەمان دابین بكەین، بەڵام زۆر شت هەیە دەتوانین بۆیان بكەین، دەتوانین ئاسایشیان بۆ دابین بكەین، دەتوانین كەرامەتیان بپارێزین، دەبێت وا بكەین كە دادگا سەربەخۆ بێت".
سەبارەت بە دۆخی خراپی خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستان، بافڵ تاڵەبانی دەپرسێت "لە 91ـەوە حوكمی سەدام لە كوردستان نەماوە، بۆچی تا ئێستا كارەبامان نییە؟ بۆ ئاو وەكوو پێویست نییە؟ بۆ گەنجەكانمان ڕادەكەن لەم وڵاتە؟".
سەرۆكی یەكێتی وتیشی "بۆ خەڵك دەنگمان پێ نادەن؟". هەر خۆیشی لە وەڵامدا وتی "بێزارن لێمان، بێزارن لەو سیاسەتە كۆنە و دەبێت خۆمان بگۆڕین".
بافڵ تاڵەبانی باسی لە پلانێكی "پێنج ساڵیی" حیزبەكەی بۆ خزمەتكردنی گەنجان و ژنان و چین و توێچەكانی دیكە كرد، بەبێ ئەوەی وردەكارییەكەی بخاتە ڕوو. هاوكات وتی "ئەمە لە ڕێگەی حكومەتەوە دەكرێت، حیزبەكان ناتوانن ببن بە بەدیلی حكومەت و یەكێتی نیازی نییە وا بكات".
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، سەبارەت بە ئەگەرى چوونى بۆ تورکیا بۆ چارەسەرى کێشەکان، وتی "ناتوانم بچم بۆ توركیا. توركیا بەبێ هۆ سێ قارەمانی ئێمەی شەهید كرد".
سەبارەت بە كێشەكانیشیان لەگەڵ توركیا وتی "كێشەی ئێمە لەگەڵ توركیا ئەوەیە بۆچوونی جیاوازمان هەیە. توركیا دەڵێت: چەند حزبێك هەیە لە سلێمانی دەبێت دابخرێن".