بافڵ تاڵەبانی هەوڵێكی بۆ ئاشتكردنەوەی سەركردە نیگەران و ناڕازییەكانی ‏یەكێتی دەست پێ‌ كرد

10-10-2023 05:37

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی هەوڵێكی بۆ ئاشتكردنەوەی سەركردە نیگەران و ناڕازییەكانی ‏یەكێتی دەست پێ‌ كرد. پاش كۆتاییهاتنی كۆنگرە، دەیەوێت دەسەڵاتەكانی ‏بۆ ئەو پرسە بەكار بهێنێت و بە پێدانی پۆست ناڕازییەكان ڕازی بكات.‏

ئەم هەوڵەی بافڵ تاڵەبانی، لاهوور شێخ جەنگی و ئەو كەسانە نزیكن لەو ‏ناگرێتەوە، كە پێشتر ئەندامی سەركردایەتی بوون و بە فەرمانی بافڵ ‏تاڵەبانی دوورخراونەتەوە.‏

هەوڵی سەردانكردن و ئاشتكردنەوەی سەركردە ناڕازی و نیگەرانەكانی ‏یەكێتی، لە كۆبوونەوەی دوێنێی سەركردایەتیی حیزبەكەدا بڕیاری ‏پێكهێنانی لیژنەیەكی بۆ درا كە بافڵ تاڵەبانیی سەرۆكی یەكێتی خۆی ‏سەرۆكایەتیی دەكات.‏

لیژنەكە كە جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی ئەنجوومەنی پاراستنی ‏بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی و عومەر شێخ مووس، ئەندامی دەستەی ‏دامەزرێنەری یەكێتی و عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ‏سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی تێیدا ئەندامن، سەردانی سامان ‏گەرمیانی، ئەندامی سەركردایەتیی پێشووی یەكێتیی كرد.‏

سامان گەرمیانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك وێنەیەكی سەردانەكەی ‏بڵاو كردووەتەوە و هیچ قسەیەكی لەبارەوە نەنووسیوە، بەڵام بە دانانی ‏دوو دڵی سەوز ئاماژەی ئەرێنیبوونی كۆبوونەوەكە و یەكێتیبوونی خۆی ‏گەیاندووە. میدیای یەكێتیش هیچی لەبارەوە نەوتووە.‏

بەهۆی ڕووداوەكانی چەند ساڵی ڕابردووی ناوخۆی یەكێتی، ژمارەیەك لە ‏سەركردەكانی ئەو حیزبە نیگەرانن و وازیان لە كاری حیزبی هێناوە، لە ‏كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیشدا ئەو ناڕەزایەتییانە بە تەواوی دەركەوتن.‏

مەلا بەختیار كە دیارترین سەركردەی ناڕازیی یەكێتییە، بەر لە كۆنگرە ‏لە پەیامێكدا ڕەخنەی زۆری لە ئامادەكارییەكان و شێوازی هەڵبژاردن و ‏دیاریكردنی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنەكانی یەكێتی گرت و ‏ڕایگەیاند بەو شێوەیە بەشداریی كۆنگرە ناكات، بەڵام ئەوانی دیكە ‏بێدەنییگان هەڵبژاردووە.‏

هەریەك لە مەحمود سەنگاوی، عەدنان حەمەی مینا، حامید حاجی غالی ‏و شۆڕش ئیسماعیل لە سەركردە دیارە ناڕازییەكانی یەكێتین كە ئامادە ‏نەبوون بەشداریی كۆنگرەی پێنجەمی حیزبەكەیان بكەن.‏

بافڵ تاڵەبانی بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی كە پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكەی ‏پێی داوە، دەیەوێت سەركردە ناڕازییەكان ئاشت بكاتەوە و بە ئەندامێتیی ‏لە یەكێك لە ئەنجوومەنەكانی یەكێتی ڕازییان بكات.‏

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی دەستكراوەیە بۆ ‏دیاركردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی، ئەنجوومەنی پاراستنی ‏بەرژەوەندییە باڵاكان و ئەنجوومەنی پشتیوانی، هەروەها دەتوانێت ‏ئەندامی دیكەی بۆ زیاد بكات.‏

سەركردە ناڕازییەكان ناتوانن ببنە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ‏بەوپێیەی چواردە ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی دوای دیاركردنیان ‏لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە، دوێنێ‌ لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا ‏ھەڵبژێردران.‏

ئەندامانی مەكتەبی سیاسی نوێی یەكێتی پێكدێن لە، قوباد تاڵەبانی، ‏عیماد ئەحمەد، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، شاڵاو ‏كۆسرەت رەسوڵ، ئاسۆ مامەند، د.جوان ئیحسان، رەفعەت عەبدوڵا، شاڵاو ‏عەلی عەسكەری، تەلار لەتیف، بورهان سەعید سۆفی، ئەحمەد حەمە ‏كەریم (شێخ ئەحمەد نۆكان)، نزار ئامێدی و هاوڕێ دارۆ شێخ نوری.‏

ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەعدی ئەحمەد پیرە بە وتەبێژی یەكێتی دیاری ‏كرا. ھاوكات خەسرەو گوڵ محەمەد، وەكوو نوێنەری سەرۆكی یەكێتی لە ‏هەرسێ ئەنجوومەنی سەركردایەتی، ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندی و ‏ئەنجوومەنی پشتیوانی دەستنیشان كرا و بەشداریی كۆبوونەوەكانی هەر ‏سێ ئەنجوومەنەكە دەكات.‏

بەهۆی ئەوەی هەوڵی ئاشتكردنەوەی سەركردە ناڕازییەكانی یەكێتی ‏خرایە دوای هەڵبژاردنی مەكتەبی سیاسی، پێناچێت پۆستی ئەندامێتی ‏لەو ئەنجوومەنانەی دیكەی یەكێتی بەشێك لە سەركردە ناڕازییەكان ڕازی ‏بكات، ئەمە جگە لەوەی كە هۆكارەكانی دیكەی نیگرانییەكانیان چارەسەر ‏نەكراوە و بەگشتی لە ئیدارەدانی حیزبەكە بەم شێوەیەی ئێستا ڕازی نین.‏