مەزڵووم عەبدی: 29 ئەندامی ئاسایش لە هێرشێكی ئاسمانیی توركیادا شەهید بوون

09-10-2023 09:06

پەرەگراف

فەرماندەی گشتیی هەسەدە "شەهیدبوونی 29 ئەندامی ئاسایش"ی ڕۆژئاوای كوردستانی لە ‏هێرشێكی ئاسمانیی توركیادا ڕاگەیاند و بە "تاوانێكی دڕندانە" ناوی دەبات. مەزڵووم عەبدی ‏هەڕەشە دەكات و دەڵێت "مافی ڕەوای خۆمان بۆ وەڵامدانەوە بەكار دەهێنین‎"‎‏.‏

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ‏ئێكس ڕایگەیاند "٢٩ ئەندامی هێزەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هێرشی توركیادا ‏بۆ سەر ئەكادیمیای ئاسایشی ناوخۆ لە دێریك شەهید بوون‎".‎

فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت "تاوانێكی دڕندانە و پێشێلكارییەكی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤە ‏كە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت‎".‎

‎"‎هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ دامەزراوەیەكی مەدەنییە و پشتیوانی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ‏وەردەگرێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە"، مەزڵووم عەبدی وا دەڵێت‎.‎

جەختیش دەكاتەوە كە "لە بەرانبەر دەستدرێژی و هێرشە داگیركارییەكانی توركیا بۆ سەر خاك و ‏گەلەكەمان بێدەنگ نابین و مافی ڕەوای خۆمان بۆ وەڵامدانەوە بەكار دەهێنین‎".‎

ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت "ژمارەی كوژراوانی بۆردوومانەكەی توركیا بۆ سەر ‏ناوەندێكی مەشق و ڕاهێنانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ 30 كەس بەرز بووەتەوە و 37 كەسیش بریندارن ‏كە برینی هەندێكیان سەختە".‏

هێرشەكە شەوی ڕابردوو ئەنجام دراوە و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند ناوچەیەكی دیكەی ‏ڕۆژئاوای كوردستانیشیان بۆردوومان كردووە.‏