پەرەگراف
ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزە بەهێزەكەی ئەفغانستان دوو هەزار كەسی تێپەڕاند.
وەزارەتی بەهاناوەچوونی كارەساتی ئەفغانستان لە بەرانبەر بڵاوكردنەوەی ئاماری هەڵەی بوومەلەرەزەكەی دوێنێ "داوای لێبوردن لە خەڵكی ئەفغانستان و بە تایبەت ویلایەتی هیرات" دەكات و دەڵێت "ژمارەی شەهید و بریندارانی بوومەلەرزەكە 2053 كەس و كۆی ژمارەی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی زیان پێ گەیشتووە 9240 كەسە".
پێشتر لە كاتژمێر 11:30 خولەكی ئەمڕۆ، وەزارەتەكە ڕایگەیاندبوو كە بەهۆی بوومەلەرزەكەوە "2053 كەس گیانیان لەدەست داوە و 9240 كەس بریندار بوون".
بەشی فارسیی ماڵپەڕی بی بی سی دەڵێت "دوێنێ شەممە، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 6.3 پلەی ڕێختەر بەدوای یەكدا ویلایەتی هیرات لە ئەفغانستانیان هەژاند، بەهۆیانەوە 12 گوند خاپوور بوون. هێشتا ژمارەیەك لە قوربانییەكان لەژێر داروپەردووی خانووە ڕووخاوەكان دەرنەهێنراون".
ناوەندی زەویناسیی ئەمریكا دەڵێت "ناوچەی زیندەجان كە 40 كیلۆمەتر لە شاری هیراتەوە دوورە، ناوەندی بوومەلەرەزەكە بووە".