بایکۆت و سزا لە زۆنى زەرد پێکەوە دەست پێ دەکەن؛ '١٠ مامۆستاى وانەبێژ لەلایەن حیزبەوە دووردەخرێنەوە'

08-10-2023 08:09

پەرەگراف

بایكۆت و سزادانی مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری زۆنی زەرد دەستی پێ‌ كرد. نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت "بە گشتی لە پەروەردەی ئیدارەی سۆران چەندین قوتابخانە بایكۆتیان ڕاگەیاندووە. لە پەروەدەی بەردەڕەشیش بەرپرسانی حیزبیی پارتی كە دەسەڵاتیان لە وەزارەتی پەروەردە زیاترە، 10 مامۆستای وانەبێژیان لەسەر بایكۆت دوورخستووەتەوە".

كارزان فیزیك، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش هەڕەشەی دوورخستنەوەی لە ژمارەیەك مامۆستای وانەبێژ كرد كە بڕیاری بایكۆتیان دابوو، ئەمڕۆ 10 مامۆستا پەیوەندییان پێوە كردین كە لە یەكەم ڕۆژی بایكۆتدا لەلایەن بەرپرسی لقی نۆی پارتی لە سنوورەكە دوورخراونەتەوە و دەرچووی نوێ‌ لە شوێنەكانیان دانراوە".

كارزان فیزیك وتیشی "بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی پەروەردە، تەنانەت بەڕێوەبەری قوتابخانە و بەڕێوەبەری پەروەردەكانیش بۆیان نییە مامۆستایانی وانەبێژ دوور بخەنەوە، بەڵام دەسەڵاتی حیزب بە جۆرێك شۆڕبووەتەوە بۆ ناو وەزارەتی پەروەردە، بەرپرسانی حیزبی دەسەڵاتیان لە بەرپرسانی وەزارەتەكە زیاترە".

یەكێك لەو مامۆستا وانەبێژانەی كە دوورخراوەتەوە، سەبارەت بە هۆكاری بایكۆتكردنی دەوام بە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی وتووە كە "خێزاندارم و مووچەكەم 200 هەزار دینارە و كرێی خانووەكەشم 200 هەزار دینارە، بەهۆی نەدانی مووچەوە نەمتوانیوە تەنانەت كرێی خانووش بدەم، ئەمە جگە لە بژێویی ژیانی خۆم".

كارزان فیزیك بۆ پەرەگراف وتیشی "تا ئێستا شایستەی دارایی مانگەكانی حەوت و هەشت و نۆی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش نەكراوە، كە زۆرینەیان بژێویی ژیانیان لەسەر ئەو مووچەیەیە. ".

نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری سلێمانی، لە هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئەو مامۆستایانە كە وەكوو خۆیان دەڵێن "هەنگاوێكی نایاساییە".

هاوكات بەیانی ئەمڕۆ لە سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، هەروەها لە پێنجوێن، كۆیە، سەیدسادق و چەمچەماڵ مامۆستایانی وانەبێژ و هەمیشەیی و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانیش، گردبوونەوەیان ئەنجام دا.

لە گردبوونەوەكاندا جگە لە جەختكردنەوە لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بە شێوەی هەمیشەیی و، پێدانی مووچە نەدراوەكانی چەند مانگی ڕابردووی فەرمانبەران و مامۆستایان، پشتیوانی بۆ ئەو مامۆستایانە ڕاگەیەندرا كە لە سنووری ژێر دەسەڵاتی پارتی بایكۆتیان ڕاگەیاندووە.

مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێن "لەبری بەدەمەوەهاتنی داوا ڕەواكانمان، بە چەندین ڕێگا هەوڵی لەباربردنی خەباتی ئاشتییانەمان دەدرێت و هەڕەشەی دوورخستنەوە و گواستنەوەی وانەبێژان دەكرێت".

ئەنجوومەن و ستافی ناڕازیی فەرمانبەران و مامۆستایانی زانكۆی سلێمانیش گردبوونەوەیان ئەنجام دا و بڕیاری بەردەوامیی بایكۆتیان دا.

مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی دەشڵێن "بەپێی ئەو دەستوورە فیدڕاڵییەی كە لایەنە كوردییەكان پێكهاتەیەكی سەرەكی بوون لە نووسینەوەیدا، پەنابردن بۆ دابیكردنی مووچە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە، كارێكی یاساییە و هیچ مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم دروست ناكات".