وەزارەتی دارایی: بە گەیشتنی 700 ملیار دینارەكە ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی مووچە دەكەین

08-10-2023 01:54

پەرەگراف

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند "پێشبینی دەكەین لە 20 بۆ 25ی مانگدا بەغداد 700 ملیار دینار قەرزەكە بۆ هەرێم بنێرێت و بە گەیشتنی دەست بە ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی مووچە دەكەین". دەشڵێت "ئەوان پارەكە بۆ مانگی تشرینی یەكەم دەنێرن، بەڵام ئێمە مووچەی مانگی ئابی پێ‌ دابەش دەكەین".

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوە کرد "تا ڕاددەیەك بەرچاوڕوونی هەیە كە مووچەی دوو مانگی دیكە كەی و چۆن دەدرێت، دوای ئەوەش لەگەڵ بەغداد لەسەر خەتین و ئیومێد دەكەین لە كۆتایی ساڵدا بگەینە ڕێككەوتن".

سەبارەت بە هەوڵی دابەشكردنی مووچە ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە، وتەبێژی وەزارەتی دارایی دەڵێت "ئەو بابەتە بووەتە كەرەستەی موزایەدە و بانگەشەی هەڵبژاردن. هەرێمی كوردستان كیانێكی دەستووریی یاسایی فیدراڵیی دانپێدانراوە و وەزارەت و دامودەزگای خۆی هەیە، فەرمانبەرێك كە حكومەتی هەرێم دایمەزراندبێت و وەزارەتی دارایی مووچەی بۆ بەستبێت و هەموو ماف ئیمتیازاتەكانی بۆ دابین كردبێت، لەكوێ‌ وەزارەتێكی تر دەتوانێت ئەم هەموو ڕێوشوێنانە بگرێتە بەر؟!".

وەزارەتی دارایی ڕوونكردنەوە لەسەر داهاتی ناوخۆ دەدات كە مانگانە نزیكەی 320 ملیار دینارە، دەڵێت ئەو داهاتە تەنیا "بە ژمارە لای ئێمە هەیە، ئەو پارەیەی كە دێتە بانكەكان وەكوو كاش، زۆر لەو ژمارەیە كەمترە".

"بەشێكی داهاتی ناوخۆ قەرزە، بەشێكی ڕێژەی وەزارەتەكانە، بۆ نموونە: وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەدا 70ی داهاتی خۆی خەرجی دەكات، وەزارەتی تەندروستی لەسەدا 25 بۆ 30ی داهاتی خۆی خەرجی دەكات، هەروەها بەشێكی دیكەی داهاتی ناوخۆ پێشینەكان و چەك و مەقاسە و سوودی قەرزە، ئەو پارەیەی كە دێتە بانكەكان وەكوو كاش، زۆر لەو ژمارە كەمترە. سەرباری ئەوەش خەرجیی دامودەزگاكانی حكومەت مانگانە نزیكەی 100 ملیار دینارە"، هونەر جەمال وا دەڵێت.