پەرەگراف
سوپای ئیسرائیل كوژرانی "100 كەس" و برینداربوونی "1000" كەسی لە هێرشەكانی ئەمڕۆی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاند. وەزارەتی تەندروستیی غەززەش كوژرانی "198" فەڵەستینی و برینداربوونی "1610" كەسی دیكەی ڕاگەیاند.
بەرەبەبایەنی ئەمڕۆ، لیواكانی عیزەدین قەسام كە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینییە، بە ئاراستەكردنی "پێنج هەزار مووشەك" لە غەززەوە بەرەو ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "گەردەلوولی ئەقسا"ی ڕاگەیاند و لە چەند قۆڵێكەوە دزەی كردە ناو خاكی ئیسرائیل.
لە وەڵامدا ئیسرائیل ڕووبەڕووى هێرشەکان بووەوە و ئۆپەراسیۆنى ئاسمانیی بۆ سەر كەرتی غەززە دەست پێ كرد، کە لە بەیانییەوە بەردەوامە.
ئێوارەى ئەمڕۆ سوپاى ئیسرائیل ڕایگەیاند "ڕووبەڕووبوونەوە لە 22 شوێن بەردەوامە". لیواكانی قەسامیش دەڵێت "هێزەكانمان لە 25 شوێن لە شەڕی سەختدان".
بینیامین ناتانیاهوو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە كە وڵاتەكەی لە "شەڕ"دایە و هەڕەشەی توند لە بزووتنەوەی حەماس دەكات و دەڵێت "جەنگێكی بێوێنە نیشانی دووژمنانمان دەدەین".
بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل، هێرشەكەی حەماس بە "كردنەوەی دەرگای دۆزەخ بە ڕووی غەززەدا" ناو دەبەن، لە وەڵامدا وتەبێژی لیواكانی قەسام دەڵێت "گەردەلوولی ئەقسا لە سەرەتایدایە، زۆر شتمان هەیە كە دڵی گەلەكەمان و میللەتەكەمان خۆش دەكات و دوژمنەكەمان تووشی سەرسوڕمان دەكات".