خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی 2023 بە ژنە چالاكوانێكی زیندانیكراوی ئێرانی بەخشرا

06-10-2023 02:21

پەرەگراف

كۆمیتەی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی 2023ی بەخشی بە نێرگس محەمەدی، ژنە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی زیندانیكراوی ئێرانی.

برێت ڕیس ئەندرسن، سەرۆكی كۆمیتەی نۆبڵی ئاشتی، دەڵێت "ئەم خەڵاتە بە نێرگس محەمەدی دەبەخشرێت لە بەرانبەر بەرەنگاربوونەوەی ئەو ستەمەی لە ژنانی ئێرانی دەكرێت".

وتیشی "خەباتی ئازایانەی نێگرس محەمەدی باجی زۆری لەسەر دراوە، بە جۆرێك حكومەتی ئێران 13 جار دەستگیری كردووە و پێنج جار وەكوو تاوانبار ناسادوویەتی، بە كۆی گشتی سزای 31 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندراوە".

نێگرس محەمەدی ئێستا لە زیندانی ئەوین لە ئێران زیندانیی كراوە، بەڵام لەناو زیندانیش دەستی لە چالاكییەكانی بۆ داواكردنی "مافی ژنان و مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی" هەڵنەگرتووە.

كۆمیتەی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەڵێت "پەیامی ئەم هەنگاوەمان بۆ حكومەتی ئێران ئەوەیە كە گوێ‌ لە داواكاریی خەڵكەكەی بگرێت". هەروەها "هیوادارە نێگرس محەمەدی ئازاد بكرێت تا بتوانێت لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتەكەدا ئامادە بێت".

نێرگس محەمەدی هەژدەیەم ژنە لەسەر ئاستی جیهان و دووەم ژنە لەسەر ئاستی ئێران خەڵاتەكە وەردەگرێت. پێشتر ژنە چالاكوانی ئێرانی شیرین عیبادی لە ساڵی 2003 خەڵاتەكەی پێ‌ بەخشرا.

لە ساڵی 1901ـەوە تا ئێستا 103 خەڵاتی نۆبڵ بەخشراوە، دوو خەڵاتیان بە شێوەی هاوبەش لە نێوان سێ‌ كەسدا دابەش كراون، لی دۆك سوو، سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕی ڤێتنامی، تاكە براوەی خەڵاتەكە بووە كە وەرگرتنی خەڵاتەكەی ڕەت كردووەتەوە.