لەسەر داوای حكومەتی هەرێم، كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزیرانی دارایی عێراق و هەرێم دواخرا
پەرەگراف
لەسەر داوای حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ كاتێكی نادیار دواخرا. حكومەتی هەرێم دەڵێت "وەزیری دارایی سەرقاڵیی پرۆسەی وردبینییە لە ژمارە و بڕی مووچەی فەرمابەران و خانەنشینان و ئەو كەسانەی چاودێریی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە"، كە ئەو داتایانە بەشێكن لە داواكاریو پێویستییەكانی كۆبوونەوەكەی لیژنەی دارایی.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەیەوێت بڕی مووچە و ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و پلەكانیان، ژمارەی خانەنشینان و ئەو كەسانەی چاودێریی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، هەروەها داهاتە نانەوتییەكان و داهاتی دەروازە نافەرمییەكان لە وەزیری دارایی هەرێم وەربگرێت، ژمارەیەك پرسی دیكەی داراییش لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێ بكرێت.
دوێنێ 4-10-2023، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نووسراوێكی ئاراستەی نوێنەرایەتیی هەرێم لە بەغداد كردووە و تێیدا ڕایگەیاندووە كە سەرۆكوەزیرانی هەرێم ڕەزامەندیی نیشان داوە لەسەر داواكاریی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ ئامادەبوونی وەزیری دارایی و شاندی هەرێم لە كۆبوونەوەی داواكراو، بەڵام داوای كردووە وادەیەكی دیكە بۆ كۆبوونەوەكە دیاری بكرێت.
هەمان ڕۆژ نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد، بە نووسراوێكی فەرمی وەڵامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی داوەتەوە و تێیدا ڕەزامەندیی مەسروور بارزانیی لەسەر كۆبوونەوەكە ڕاگەیاندووە، بەڵام داوای دواخستنی كردووە.
لە نووسراوەكەدا هاتووە "وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان ئەم هەفتیە و هەفتەی داهاتوویش ناتوانێت لە لیژنەی دارایی ئامادە بێت، چونكە سەرقاڵە بە سەرپەرشتیی فەرمانگەكانی وەزارەتەكەی بۆ ئامادەكردنی داواكارییەكانی دەستكردن بە وردبینی لە ژمارە و بڕی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و ئەو كەسانەی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە هەرێم دەیانگرێتەوە".
دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، سەرقاڵی وردبینیكردنە لە داتاكانی مووچەخۆرانی هەرێم و بڕی مووچەی پێویست بۆیان.
ڕۆژی 30-9-2023، عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، نووسراوێكی ئاراستەی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد كرد. تێیدا داوای كردووە ڕۆژی پێنجشەممە 5-10-2023، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لیژنەكەیان ئامادە بێت بۆ تاوتوێكردنی ژمارەیەك دۆسیە و پرسی دارایی.