مەترسی هەیە دۆسیەی نەوت ببرێتە دادگای ناوبژیوانیی لەندەن و هەرێم هاوشێوەی توركیا سزای دارایی بدرێت

04-10-2023 01:41

پەرەگراف

كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت ڕایدەگەیەنن، تا شایستە داراییەكانیان پێ‌ نەدرێت، ئامادە نین بەرهەمهێنانی نەوت بۆ هەناردەكردن دەست پێ‌ بكەنەوە. ئەو كۆمپانیایانە كە گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیە و یەك ملیار دۆلار شایستەی دارایی مانگەكانی کۆتایى ساڵى ڕابردوو و سەرەتاى ئەمساڵیان پێ‌ نەدراوە، دەڵێن "مافی خۆمانە پشكی شایستەی خۆمان لە نەوت بفرۆشین". هاوكات هۆشداری دەدەن لە پەنابردن بۆ تۆماركردنی سكاڵا لە دادگای ناوبژیوانیی لەندەن.

ڕۆژی 4-10-2023، وەزیری وزەی توركیا ئامادەیی بۆریی نەوتی عێراق - توركیای بۆ دەستپێكردنەوەی ‏هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگەیاند و وتی "ئەم هەفتەیە بۆرییەكە كارا دەكەین".

ئەمڕۆ، كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئاپیكور)، كە نوێنەرایەتیی پێنج كۆمپانیای (گوڵف كی ستۆن، ئێچ كەی ئێن ئێنرجی، شاماران پێترۆلیۆم، گەنەل ئینێرجی و دی ئێن ئۆ) دەكات، بە ڕاگەیەندراوێك وەڵامی وەزیری وزەی توركیای دایەوە و دەڵێت "تەنانەت ئەگەر هێڵی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا كارا بكرێتەوە، كۆمپانیاكانی ئەندامی كۆمەڵەكە لە دۆخێكدا نین و نابن كە نەوت بۆ هەناردەكردن لە ڕێگەی بۆرییەوە بەرهەم بهێنن، تاوەكو ڕوون نەبێتەوە كە چۆن بەپێی گرێبەستییەكانیان شایستە داراییەكانیان پێ دەدرێت".

ئاپیكور ئاماژەی بە جۆری گرێبەستی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت كردووە كە لە جۆری هاوبەشكردنە لە بەرهەمهێناندا و دەڵێت "لە حاڵەتی ڕێكنەكەوتن لەسەر پێدانی شایستە داراییەكانیان، مافی ئەوەیان هەیە پشكی شایستەی خۆیان لە نەوتی خاو وەربگرن و بە جیا بیفرۆشن بەو كڕیارانەی كە بەدڵنیایییەوە دەتوانن پارەكەی بدەن".

دەقی ڕاگەیاندراوی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئاپیكور):

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئاپیكور)، ئاگاداری لێدوانی وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیایە كە ڕایگەیاندووە "هێڵی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا (‘ITP) ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی كارەكانی". ئاپیكور پێشوازی لەم پێشهاتە دەكات، كە دەتوانێت هەنگاوێك بێت بەرەو دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نێودەوڵەتیی نەوتی خاو كە لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت، كە لەمێژەوە چاوەڕوانی دەستپێكردنەوەی دەكرێت.

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە، تەنانەت ئەگەر هێڵی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا كارا بكرێتەوە، كۆمپانیاكانی ئەندامی كۆمەڵەكە لە دۆخێكدا نین و نابن كە نەوت بۆ هەناردەكردن لە ڕێگەی بۆرییەوە بەرهەم بهێنن، تاوەكو ڕوون نەبێتەوە كە چۆن كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت بەپێی گرێبەستییەكانیان پارەیان پێ دەدرێت بۆ ئەو نەوتەی كە لە ڕابردوودا بەرهەمیان هێناوە و گەیاندراوەتە شوێنی مەبەست بۆ هەناردەكردن، سەرباری ئەوەش كۆمەڵەكە دەست بە بەرهەمهێنان ناكاتەوە تاوەكو ڕوون نەبێتەوە كە لە داهاتوودا چۆن لە بەرامبەر بەرهەمهێنانی نەوت بۆ هەناردەكردنی پارەی پێ دەدرێت. لە ئێستادا ئەندامانی كۆمەڵەكە نزیكەی یەك ملیار دۆلار شایستەی داراییان پێ نەراوە، یاخود پاشەكەوت كراوە.

كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت كە گرێبەستی هاوبەشكردنی بەرهەمهێنانیان هەیە، جگە لە چەندین مافی دیكە، مافی ئەوەیان هەیە پشكی شایستەی خۆیان لە نەوتی خاو وەربگرن و بە جیا بیفرۆشن. لە حاڵەتی نەبوونی ڕێككەوتن لەسەر چۆنێتیی پارەدان وەكوو لە سەرەوە ئاماژەی پێ كراوە، كۆمپانیاكانی ئەندام لە كۆمەڵەكەمان دەبێت بەپێی گرێبەستیەكانیان نەوتی خاو بفرۆشن بەو كڕیارانەی كە بەدڵنیایییەوە دەتوانن لە بەرامبەر گەیاندنی نەوتدا پارە بدەن، كە دەكرێت پارەدانی پێشوەختە بێت.

بەو پێیەی ئەندامەكان گرێبەستی هاوبەشكردنی بەرهەمهێنانیان هەیە و گرێبەستەكانیش بە پێی یاساكانی بەریتانیا داڕێژراون، لە ئەگەری بوونی ناكۆكی، بۆ یەكلایكردنەوەی پەنا بۆ دادگای لەندەن بۆ نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی دەبرێت.

مایڵز بی كاگینز، وتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان، دەڵێت "دواكەوتنی كردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا، هاوشان لەگەڵ دواكەوتنی چارەسەركردنی كێشەی شایستە گرێبەستییەكانی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت، مانگانە بە بڕی یەك ملیار دۆلار زیان لە داهاتی عێراق دەدات".

وتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان دەشڵێت “ئەندامانی كۆمەڵەكە تامەزرۆن لەگەڵ حكومەتەكانی كوردستان و عێراق كار بكەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو داهاتانە و تەنانەت زیادكردنیشیان لە ڕێگەی زیادكردنی بەرهەمهێنان بۆ بەرزترین ئاست. ئێمە پێمان وایە ئەمە دەتوانرێت بە خێرایی و بە شێوەیەكی كارا ئەنجام بدرێت، دوای ئەوەی ڕێككەوتن لەسەر شێوازی پارەدان دەكرێت و ڕێز لە گرێبەستانە دەگیرێت كە هەن”.

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان دیسانەوە داوا لە هەموو لایەنەكان دەكات بە پەلە دانوستانی بونیادنەرانە ئەنجام بدەن بۆ دانانی چارەسەری بازرگانیی سودبەخشی هاوبەش كە هاندەری وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی بێت بۆ بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەكان.