كۆنگرەی دامەزراندن بە یەکجارى بزووتنەوەی دووكەرت كرد

03-10-2023 11:43

پەرەگراف

لە كۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی كە بە سەرپەرشتیی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە چوو، عیرفان عەبدولعەزیز بە ڕابەری گشتیی بزووتنەوەكە هەڵبژێردرایەوە، بەڵام باڵی كامیلی حاجی عەلی دانی بە كۆنگرەكەدا نەنا و بەشداریی تێدا نەكرد و دامەزراندنی حیزبێكی نوێی ڕاگەیاند.

بزووتنەوەی ئیسلامی كە لە 5-2-2022 كۆنگرەی 12ی خۆی بەست، لەسەر پۆستی ڕابەری بزوتنەوەكە كێشە لە نێوان هەردوو كاندید عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و كامیل حاجی عەلی دروست بوو. عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لەلایەن كامیل حاجی عەلیەوە تۆمەتبار كرا بەوەی پەیڕەوی پێشێل كردووە و مافی خۆكاندیدكردنەوەی نییە، بەڵام بەرانبەرەوەی ڕەتی كردەوە.

ئەمڕۆ بەر لە دەستپێكردنی كۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی، باڵی كامیل حاجی عەلی بایكۆتی كۆنگرەكەی كرد و لایەنی بەرانبەر تۆمەتبار كرد بە "سڕینەوەی كۆمەڵێك ناو و زیادكردنی كۆمەڵێك ناوی تر بۆ ئەندامانی كۆنگرە". هەروەها لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دامەزراندنی "بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی"ی ڕاگەیاند

بزووتنەوەى پەیوەندیى ئیسلامى، ناوى حیزبى دایکى بزووتنەوەى ئیسلامیى کوردستانە. لە ساڵى ١٩٧٨ لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتیى ئیسلامییەوە، بزووتنەوەى پەیوەندیى ئیسلامى دامەزرا، پاش نۆ ساڵ و لە ساڵى ١٩٨٧ ناوەکەى بۆ بزووتنەوەى ئیسلامیى کوردستان گۆڕدرا. ئێستا باڵى کامیلى حاجى عەلى بە ناوى حیزبى یەکەمەوە دەگەڕێنەوە گۆڕەپانى سیاسى.

"بزووتنەوەی ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ لەلایەن كوڕ و منداڵەكانی مامۆستا عەلی عەبدولعەزیزەوە بەرەو لاوازی و بچووكبوونەوە دەبرێت، بزووتنەوەكەیان كردووەتەوە قوربانیی پۆست و كورسیی دەسەڵات و قۆرغكاری"، باڵی كامیلی حاجی عەلی وا دەڵێت.

پاش هەڵبژاردنەوەیشی بە ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وتی "جیابوونەوەكە هیچ كاریگەرییەكی نابێت و خوای دەكرد ڕۆژی هەزار حیزب دروست دەبوو، ئێمە هەقمان بەسەر ئەوەوە نییە".