كۆنگرەی یەكێتی بە دڵی بافڵ تاڵەبانی كۆتایی هات؛ پەیڕەوێكی پڕ لە دەسەڵات بۆ سەرۆك پەسەند كرا

01-10-2023 06:06

پەرەگراف

كۆنگرەی پێنجی یەكێتی بە دڵی بافڵ تاڵەبانی كۆتایی هات و دەڵێت "بە سەری بەرزەوە لێی هاتینەوە دەرەوە". لیستە 60 ئەندامییەكەی بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی، بەبێ‌ ڕكابەر بردیەوە. پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكە لە بەرژەوەندیی سەرۆكی یەكێتی پەسەند كرا و لە دوای كۆنگرەش هەر خۆی سەرۆك و جێگر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنەكانی یەكێتی دیاری دەكات، جگە لە جەعفەر شێخ مستەفا كە دیاركردنی لە دوای كۆنگرە قبووڵ نەكرد و لەناو كۆنگرەدا بە سەرۆكی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی دیاری كرا.

پاش پێنج ڕۆژ لە دەستپێكردنی كارەكانی، كۆنگرەی پێنجی یەكێتی كۆتایی هات، سێ‌ ڕۆژە گفتوگۆی چڕوپڕ لەبارەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییەوە دەكرێت، مادەكانی ڕەشنووسی پەیڕەوەكە لە 65ـەوە بۆ 68 زیاد كران، بەڵام ئەو ڕەشنووسەی كە ئامادە كرابوو، بەبێ‌ گۆڕانكاریی جەوهەری تێپەڕی و گۆڕانكارییەكان تەنیا لە وردەكاریدا بوون.

ئێوارەی یەكشەممە لە كۆتا قۆناغی كۆنگرەدا، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی كە لە 60 ئەندام و سەرۆكی یەكێتی پێك دێت، بە لیستێكی داخراو و لە دەنگدانێكی ئاشكرادا بەبێ‌ ڕكابەر هەڵبژێردرا.

لیستی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و كەسانی نزیكە لەو پێكهێنرابوو، هەرچەندە بەپێی پەیڕەو دەكرا لیستی دیكە لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەوە بۆ ڕكابەری پێك بهێنرێت و بە دەنگدانی نهێنی هەڵبژاردنی بۆ بكرێت، بەڵام هیچ لیستێكی دیكە پێك نەهێنرا، بۆیە بە دەنگدانی ئاشكرا لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرەوە هەڵبژێردرا.

پاش كۆتاییهاتنی كۆنگرە، بافڵ تاڵەبانی لێدوانێكی كورتی بۆ میدیاكان دا و وتی "كۆنگرەیەكی زۆر جوان و پڕ لە موناقەشە بوو، بە سەری بەرزەوە هاتینە دەرەوە".

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتیش وتی "مەجال كرایەوە بۆ دروستكردنی لیست و یەك لیست هات، بە كۆدەنگی پەسەند كرا".

پەیڕەوی ناوخۆی نوێی یەكێتیش بە دەسەڵاتێكی زۆرەوە بۆ سەرۆك، پەسەند كرا، كە بە پیادەكرنیان، بافڵ تاڵەبانی بە تەواوی كۆنترۆڵی حیزبەكەی دەكەوێتە دەست.

لە دوای كۆنگرە، بافڵ تاڵەبانی هەر خۆی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دیاری دەكات و لەلایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتییەوە دەنگیان پێ‌ دەدرێت، كە ژمارەیان لە نێوان 12 بۆ 14 ئەندام دەبێت.

هەرچی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیشە كە ژمارەی ئەندامانی لە نێوان 9 بۆ 15 ئەندام دەبێت، بەپێی پەیڕەو لە دوای كۆنگرە سەرۆك و جێگر و ئەندامانی لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەوە دیاری دەكرێن.

بەڵام جەعفەر شێخ مستەفا دیاركردنی لە دوای كۆنگرە قبووڵ نەكرد و داوای كرد لەناو كۆنگرەدا ئەو پۆستەی پێ‌ بدرێت، بۆیە لە كۆتا ڕۆژدا لەناو هۆڵی كۆنگرە بە سەرۆكی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی دیاری كرا.

بەپێی پەیڕەو، ئەنجوومەنێكی نوێیش بە ناوی پشتیوانی پێك دەهێنرێت، كە جێگرەوەی ئەنجوومەنی ناوەندیی پێشوو دەبێت. ئەنجوومەنەكە لە ئەندامانی كارای خولی پێشووی سەركردایەتی و تێكۆشەران و گەنجانی یەكێتی پێك دێت و ژمارەی ئەندامانی كەمتر لە 100 ئەندام دەبێت، ئەمیش هەر جێگر و سكرتێری ئەنجومەنەكە و ئەندامانی لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەوە دیاری دەكرێن. ئەركی ئەم ئەنجومەنە چاودێریكردنی دامودەزگاكانی یەكێتی دەبێ. هە لە كۆتا ڕۆژی كۆنگرەدا بافڵ تاڵەبانی، حاجی مەسیفیی بە سەرۆكی ئەنجوومەنی پشتیوانی دیاری كرد.

پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی یەكێتی، سەرۆك ١٤ ئەرك و دەسەڵاتی هەیە كە دیارترینیان، بەرپرسە لە جێبەجێكردنی بڕیار و سیاسەتەكانی یەكێتی و سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی دەكات و هەماهەنگیش لە نێوان هەرسێ ئەنجومەنی؛ سەركردایەتی و پاراستنی بەرژەوەندییەكان و پشتیوانیی دەكات.

هەروەها دەزگای دارایی و مەڵبەندی دیراسات و سەرجەم پەیوەندییەكانی یەكێتی ڕاستەوخۆ بە سەرۆكەوە دەبەسترێنەوە.