مامۆستایان جەخت لە بەردەوامیی بایكۆت دەكەنەوە

01-10-2023 03:18
خۆپیشاندانى مامۆستایان لە ڕانیە

پەرەگراف

بەشێك لە مامۆستایانی وانەبێژ و مامۆستایانی میلاك و فەرمانبەرانیش لە شار و شارۆچكەكانی زۆنی سەوز گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، جەختیان لە بەردەوامیی بایكۆت و داواكارییەكانیان كردەوە.

خۆپیشاندانەكان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و گەرمیان و ژمارەیەك قەزا و ناحیەی دیكە بەڕێوە چوون. تێیدا مامۆستایانی وانەبێژ جەختیان كردەوە كە تا لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیاری دامەزراندنیان بە هەمیشەیی نەدرێت، ناچنەوە هۆڵەكانی خوێندن.

مامۆستایانی میلاك و بەشێك لە فەرمانبەرانیش بەشداریی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەكانیان كرد و سووربوون لەسەر ئەوەی كە تەنیا بە دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوت ناچنەوە هۆڵەكانی خوێندن و فەرمانگەكان، بەڵكو دەبێت مووچەی مانگی هەشتیشیان بە زووترین كارت پێ‌ بدرێت و مووچەی مانگەكانی دواتریش لە كاتی خۆی دابەش بكرێت.

نوێنەرى مامۆستایانى وانەبێژ لە سلێمانى وتى "بڕیارمان وا بوو لەبەردەم پەروەردەى ڕۆژئاو لە سلێمانى هەڵبدەین، بەڵام لایەنى ئەمنى بە پاساوى بوونى کۆنگرە و کۆمەڵێک بابەتى دیکە ڕێگەیان پێ نەداین".