پەرەگراف
كۆنگرەی پێنجی یەكێتی لە پێنجەم ڕۆژی كارەكانیدا كۆی ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكەی پەسەند كرد. جەعفەر شێخ مستەفایش بە سەرۆكی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی هەڵبژیردرا.
تەلار لەتیف، وتەبێژی كۆنگرەی پێنجی یەكێتی، ڕایگەیاند "پەیڕەوی ناوخۆ سەرەتا 65 ماددە بوو، سێ ماددەی دیكە لەسەر داوای ئەندامانی كۆنگرە زیاد كرا و بوو بە 68 ماددە".
تەلار لەتیف وتیشی "جەعفەر شێخ مستەفا بە سكرتێری ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی هەڵبژێردرا و هەر ئەمڕۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیش هەڵدەبژێردرێن".
سەبارەت بە ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی، ڕێباز بێركۆتی، ئەندامی كۆنگرەی یەكێتی، وتی "ئەوە لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیدا دیاری دەكرێ و پەیوەندیی بە سەرۆك بافڵەوە هەیە".