جارێکی دیکە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دواخرا

30-09-2023 07:41

پەرەگراف

جارێكی دیكە پەرلەمانی عێراق دەنگدان لەسەر (پرۆژەیاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە لە كۆماری عێراقدا)ی دواخست. پاساوی ئەم جارە داواكردنی نەخشەی نوێی پارێزگاكە بووە. سەرچاوەیەك بە پەرگرافی وت "بە ئەگەری زۆرەوە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكە بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دوا دەخرێت".

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكانی شیعە و سوننە كۆبووینەوە، هەموان هاوڕابوون لەسەر پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و دژایەتی نەكراوە".

سەبارەت بە هۆكاری دواخستنی بڕگەی دەگدان لەسەر پرۆژەیاساكە، سۆران عومەر وتی "سەرۆكی پەرلەمان داوای كردووە هەندێك ڕێكاری تایبەت بە نەخشەی پارێزگاكە كە ماون، لەلایەن حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقەوە تەواو بكرێن و ئاراستەی پەرلەمان بكرێن، پاشان پرۆژەیاساكە بخرێتەوە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی پەرلەمان".

وەكو ئەو پەرلەمانتارە باسی كرد، جارێ‌ دیار نییە كەی پرۆژەیاساكە دەخرێتەوە بەرنامەی كار و دەنگی لەسەر دەدرێت.

سەرچاوەیەكی دیكە لە فراكسیۆنە كوردییەكان بە پەرەگرافی وت "شیعە و سوننەیش لەم كاتەدا خۆیان لە دەنگدان بە پرۆژەیاساكە دەپارێزن، لەبەر ترسیان لەوەی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا كاریگەریی نەرێنیی لەسەر دەنگەكانیان هەبێت".

ئەو سەرچاوە وتیشی "بە ئەگەری زۆرەوە دەنگدان لەسەر رۆژەیاساكە بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دوادەكەوێت، كە بڕیارە كۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت".

پرۆژەیاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە لە كۆماری عێراقدا، لە كۆبوونەوەی ١٣-٣-٢٠٢٣ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا پەسەند كرا و ڕەوانەی پەرلەمان كرا، ئەمەش دوای هات كە ئەوەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ دۆسیەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو كرد و ڕەوانەی حكومەتی عێراقی كرد، كە تێیدا ئەوەخراوەتە ڕوو، هەڵەبجە شیاوی ئەوەیە بكرێتە پارێزگا.

نزیكەی نۆ ساڵە فەرمانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستان دەركراوە، بەڵام لە عێراق بە ڕەسمی نەناسێنرا، لە ڕووی ئیدارییشەوە هەڵەبجە بە دەست چەندین كێشە و گرفتەوە دەناڵێنێت كە بوونەتە سەرچاوەی ڕەخنە و گلەیی دانیشتوانەكەی.