پەرەگراف
كارەكانی كۆنگرەی پێنجی یەكێتی لە چوارەم ڕۆژیدا بەردەوامە گفتوگۆی چڕوپڕ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ هەیە. لە كۆی 64 ماددەی ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ، 18 ماددە پەسەند كراون و مستەفا چاوڕەش دەڵێت "ئەمڕۆیش كۆنگرە تەواو نابێت".
بەپێی كارنامەی پێشووی كۆنگرەی پێنجی یەكێتی، دەبوو لە ماوەی سێ ڕۆژدا كۆنگرەكە كۆتایی بهاتایە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت بەلای كەمەوە پێنج ڕۆژ بخایەنێت.
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی كۆنگرەی یەكێتی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ میدیاكان دوا و وتی "گفتوگۆكان لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ بەردەوامە و تا ئێستا 18 ماددە پەسەند كراون".
دوێنێ 12 ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی پەسەند كران و ئەمڕۆیش تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەش ماددەی دیكە پەسەند كراون، هێشتا زۆرینەی ماددەكانی پەیڕەو ماون كە گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت و پەسەند بكرێن.
فەهمی بورهان، ئەندامی كۆنگرەی پێنجی یەكێتی، دەڵێت "چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ ئەركەكانی پەیڕەو تەواو ببێت".
کاتژمێر دووى پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ، تەلار لەتیف، وتەبێژی كۆنگرەی پێنجی یەكێتی، بە میدیاکانى حیزبەکەى وت "ماددەی 18 كە كۆنگرەی نائاسایی بوو، دەنگی لەسەر درا، دوای پشووی نانخواردن كار لەسەر ماددەی 19 دەكرێت كە پلینیۆمە".
وتەبێژی كۆنگرەی پێنجی یەكێتی وتیشی "ئەندامانی كۆنگرە بە جۆش و خرۆشەوە زۆرترین پێشنیار و ڕاسپاردەیان لەسەر بڕگە و ماددەكانی پەیڕەو هەیە، چونكە 13 ساڵە دەرفەت بە ئەندامانی كۆنگرە نەدراوە گفتوگۆ لەسەر پەیڕەو بكەن".
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتی، تەلار لەتیف وتی "ڕاستەوخۆ دوای پەسەندكردنی كۆی ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆ، دەست دەكرێت بە ڕێكارە هونەرییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتی".
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی كۆنگرەی یەكێتی، دوێنێ لە كۆتایی لە سێیەم ڕۆژی كۆنگرەدا بۆ میدیاكان وتی "هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە لیست دەبێت، یەك یان دوو لیست پێك دەهێنرێت".
سەبارەت بە ئەگەری بوونی دوو لیست، فەرید ئەسەسەرد وتی "دوو لیستی 61 ئەندامی بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی كە لەسەر بنەمای هاوپەیمانیی نێوان ئەندامانی كۆنگرە پێك دەهێنرێت، دەخرێنە دەنگدانەوە، ئەوەی زۆرینەی دەنگی هێنا براوە دەبێت".
لەبارەی ئەگەری بوونی تەنیا لیستێكیشەوە، ئەسەسەرد ڕایگەیاند "ئەوكاتە ڕاستەوخۆ دەنگی پێ دەدرێت".
هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە "ئەنجوومەنێكی نوێ بە ناوی ئەنجوومەنی پشتیوانی پێك دەهێنرێت كە شوێنی ئەنجوومەنی ناوەندیی پێشوو دەگرێتەوە، دەسەڵاتی دیاریكراو دەبێت و لە خوار ئاستی سەركردایەتییەوە دەبێت".
بافڵ تاڵەبانی لە دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی یەكێتی لە یەكەم ڕۆژی كۆنگرەی پێنجدا، قسەی بۆ میدیاكان نەكردووە و تەنیا دوێنێ لە كۆتایی كارەكانی سێیەم ڕۆژدا چەند چركەیەك هاتە بەردەم میدیاكان و وتی "كۆنگرەكە زۆر زۆر باشە و وەڵامی پرسیار نادەمەوە. هاتووم سوپاس و دەستخۆشیتان لێ بكەم، زۆر ماندوو بوون".