كۆنگرەی یەكێتی بە سێ ڕۆژ تەواو نەكرا؛ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە لیست دەبێت
پەرەگراف
كارەكانی ڕۆژی سێیەمی كۆنگرەی یەكێتی كۆتایی پێ هات و تەنیا 12 ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكە پەسەند كران. سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی، فەرید ئەسەسەرد ڕایگەیاند، بە لیست دەبێت و پێشبینی دەكرێت دوو لیست بچنە ڕكابەرییەوە، یان یەك لیست بەبێ ڕكابەر پێك بهێنرێت.
فەرید ئەسەسەرد لە سێیەم ڕۆژی كۆنگرەی یەكێتیدا بۆ میدیاكان دواو و وتی "دوو لیستی 61 ئەندامی بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی كە لەسەر بنەمای هاوپەیمانیی نێوان ئەندامانی كۆنگرە پێك دەهێنرێت، دەخرێنە دەنگدانەوە، ئەوەی زۆرینەی دەنگی هێنا براوە دەبێت".
سەبارەت بە ئەگەری ئەەی كە تەنیا یەك لیست هەبێت، ئەسەسەرد ڕایگەیاند "ئەوكاتە ڕاستەوخۆ دەنگی پێ دەدرێت".
هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە "ئەنجوومەنێكی نوێ بە ناوی ئەنجوومەنی پشتیوانی پێك دەهێنرێت كە شوێنی ئەنجوومەنی ناوەندیی پێشوو دەگرێتەوە، دەسەڵاتی دیاریكراو دەبێت و لە خوار ئاستی سەركردایەتییەوە دەبێت".
بڕیارە سبەینێ ماددەكانی دیكەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی پەسەند بكرێن و ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەڵببژێردرێت.