پەرەگراف
پۆلیسی ھەولێر ڕوونکردنەوە دەدات لەبارەی لێدانی گەنجێک لەلایەن پۆلیسەوە لەسەر قەڵای ھەولێر، لەکاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی یادی مەولوود کە ڤیدیۆی ڕووداوەکەو ڕەفتاری پۆلیسەکان کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە.
"لە بەرامبەر ئەو ڕەفتارە نابەجێیە ئەفسەرێک و ئەو پۆلیسە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەمانەوە دەستبەسەرکراون و لیژنەى لێکۆڵینەوەیان لە سەر پێکهێنراوە و بەپێى یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت" پۆلیسی ھەولێر وادەڵێت.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ڕووداوەکە، محەمەد گۆمەشینی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، وتی "نازانم لێدانی خەڵک و ئازاردانی خەڵک بۆچی؟! ئەوانە تیرۆریستش بن، بۆت نییە وا مەڵە بکەی. یاسا هەیە". هەروەها داوایکرد "هیوادارم داواکاری گشتی بێتە سەرخەت".
ڤیدیۆی ڕووداوەکە
دەقی ڕوونکردنەوەی پۆلیس بۆ ڕاى گشتیى
سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆیەى بڵاوکراوەتەوە لە بارەى ئەو پۆلیسەى لە ڕێورەسمى یادى لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام پێشەواى مرۆڤایەتى و فەخری کائینات حەزرەتی محهمهدولمستهفا (دروودی خوای لەسەر بێت) لە سەر قەڵاى هەولێر بە شێوەیەکى ناشایستە مامەڵە لەگەڵ گەنجێک دەکات و پەلامارى دەدات، بەپێویستى دەزانیین بۆ هەموو لایەکى ڕوونبکەینەوە، لە کاتێکدا کە ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتییانى شارى هەولێرى پایتەخت بە چالاکی و شێوازی جیاواز لەو ڕۆژە پیرۆزەدا خۆشەویستی خۆیان بۆ پێغەمبەری ئیسلام دەردەبڕى لە نێو سەنتەرى شار، لە هەمانکاتدا کۆمەڵێک گەنج لە سەر قەڵاتى هەولێر بە ئەنجامدانى چەند کردار و ڕەفتارێکى ناشایستە هاوڵاتیانیان ناڕەحەت و بێزارکردبووە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئەو بارودوخە و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ ئەو گەنجانە پۆلیس ڕەوانەى شوێنەکە کران، بەڵام بەداخەوە لەلایەن یەکێک لە پۆلیسەکان بەشێوازێکى ناشایستە پەلامارى یەکێک لە گەنجەکان درا، لە بەرامبەر ئەو ڕەفتارە نابەجێیە ئەفسەرێک و ئەو پۆلیسە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەمانەوە دەستبەسەرکراون و لیژنەى لێکۆڵینەوەیان لە سەر پێکهێنراوە و بەپێى یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
هاوڵاتییان و هاوشاریانى خۆشەویستى شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە هیچ کەسێک لە سەرووى یاساوە نییە.
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگای هەولێر
2023.9.28