پەرەگراف بەدواداچوونی ورد بۆ داهاتی هەرێم دەكات؛ حكومەت توانای دابەشكردنی دوو مووچەی هەیە

28-09-2023 10:03

پەرەگراف

حكومەتی عێراق ٢٠٠ ملیار دینار قەرزی دیكەی بۆ مووچە، خستە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان. سەرەڕای بوونی 700 ملیار دینار قەرزی بەغداد، پارەی سێ‌ مانگی داهاتی ناوخۆ، هاوكاریی هاوپەیمانان و داهاتی فرۆشتنی نەوت لە ناوخۆ، كە كۆی گشتیی دەگاتە زیاتر لە دوو ترلیۆن دینار، حكومەتی هەرێم هێشتا مووچەی یەك مانگی بە تەواوی دابەش نەكردووە، لە كاتێكدا سێ‌ مووچەی مووچەخۆران قەرزارە.

بەپێی بەداواداچوونێكی پەرەگراف، ئەو پارەیەی لەبەردەستی حكومەتی هەرێمدایە، بریتییە 700 ملیار دینار قەرزی حكومەتی عێراق، 960 ملیار دیناری پارەی سێ‌ مانگی داهاتی ناوخۆ، 90 ملیار دیناری هاوكاریی سێ‌ مانگی هاوپەیمانان، لەگەڵ داهاتی فرۆشتنی نەوت لە ناوخۆدا و فرۆشتنی بە تانكەر بە قاچاغ كە لە ئێستادا مانگانە بە نزیكەی 150 ملیار دینار مەزەندە دەكرێت.

200 ملیار دینارەكەی ئەمڕۆ، سێیەم گوژمەی پارەیە لەم ماوەیەدا بۆ مووچە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ڕەوانەی هەرێم دەكرێت. حكومەتی عێراق بە دوو جاری دیكە ٥٠٠ ملیار دینار قەرزی بۆ هەرێمی كوردستان نارد. بەم شێوەیە كۆی ئەو ٧٠٠ ملیار دینار قەرزەی كە بۆ مووچەی مانگێك بۆ هەرێم دیاری كرابوو، گەیشتووە.

هەرچەندە حكومەتی عێراق ئەو پارەیەی بۆ مووچەی مانگی نۆ ناردووە و پێی وایە حكومەتی هەرێم بەشی مانگەكانی حەوت و هەشت داهاتی هەبووە، بەڵام حكومەتی هەرێم بە پارەكەی بەغداد و بەشێك لە داهاتی ناوخۆ، مووچەی مانگی حەوت دابەش دەكات.

حكومەتی هەرێم كە سێ‌ مانگە مووچەی مووچەخۆرانی دابەش نەكردبوو، ئێستا بە دوو هەفتە لە 259-2023 تا 8-10-2023 مووچەی مانگێكیان پێ‌ دەدات، كە بەو شێوەیەش هێشتا حكومەت دوو مووچەی مووچەخۆران قەرزار دەبێت.

دابەشكردنی مووچە بەو شێوەیە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، لە كاتێكدایە كە جگە لەو 700 ملیار دینار قەرزەی لە بەغدادەوە دێت، سێ‌ جۆر داهاتی دیكەی لەبەردەستدایە.

بەپێی لێدوانێكی ئەم ماوەیەی پێشووی ئاوات جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان، داهاتی یەك مانگی ناوخۆ دەوروبەری 320 ملیار دینارە، كۆی داهاتی مانگەكانی حەوت، هەشت و نۆی هەرێم دەكاتە دەوروبەری 960 ملیار دینار.

هەروەها حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی 30 ملیار دینار هاوكاریی ئەمریكای هەیە كە بۆ مووچەی لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگەیە، كۆی هاوكاریی ئەمریكاش بۆ سێ‌ مانگ دەكاتە نزیكەی 30 ملیار دینار.

داهاتێكی دیكەی هەرێم فرۆشتنی نەوتە لە ناوخۆدا، كە ئەم داهاتە لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا، زۆر زیادی كردووە و بەشێكی زۆری نەوتی بەرهەمهێنراو لە ناوخۆدا ساغ دەكرێتەوە.

شەش مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە، لە مانگەكانی سەرەتادا بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم زۆر كەمی كرد، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسە جیهانییەكان، لە ئێستادا بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بۆ سەروو 200 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرز بووەتەوە.

سەرچاوەیەك بە پەرەگرافی وت "یەك بەرمیل نەوتی هەرێم لە ناوخۆدا لە نێوان 35 بۆ 41 دۆلار دەفرۆشرێت. بەو پێیە داهاتی ئێستای ئەو نەوتە مانگانە نزیكەی 150 ملیار دینارە". وتیشی "داهاتی مانگەكانی ڕابردووی ئەو نەوتە كەمتر بووە، بەڵام بە گشتی داهاتی فرۆشتنی نەوت لە ناوخۆدا دیار نییە".

حكومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند كە مانگانە 85 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حكومەتی عێراق دەكات، واتا ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە 125 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بۆ دەمێنێتەوە كە بەشێكی لە ناوخۆدا ساغ دەكرێتەوە، بەشێكیشی بە قاچاغ ڕەوانەی توركیا دەكرێت.

دەزگای ئینێرجی ئینتەلیجێنس كە تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی زانیاری لەسەری كەرتی وزە لە جیهاندا، ڕۆژی سێشەممە (26-9-2023) ڕاپۆرتێكی لەژێر ناونیشانی "بەرهەمهێنانی نەوت و قاچاخیكردن پێیەوە لە هەڵكشاندایە" بڵاو كردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەكە بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم گەیشتووەتە سەروو 200 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و زۆربەی بە قاچاخ هەناردەی توركیا دەكرێت.

دەزگای ئینێرجی ئینتەلیجێنس سەبارەت بە چۆنێتیی گواستنەوەی نەوتەكە بۆ توركیا دەڵێت "كۆمپانیایەك بە ناوی ترانسپێت كە بنكەكەی لە شاری ئیستەنبووڵە، ڕۆڵی سەرەكی دەبینیت لە بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا. خاوەندارێتیی كۆمپانیاكەش بنەماڵەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیایە".

شێركۆ جەودەت، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەو نەوتەی لە ناوخۆی هەرێمدا دەفرۆشرێت، بڕەكەی ئاشكرا نییە و پێشتریش ئێمە داوای زانیاریمان لەوبارەیەوە كردووە، بەڵام حكومەت زانیاریی پێ‌ نەداین".

شێركۆ جەوت وتیشی "بەشێك لەو نەوتە بەحساب كۆمپانیاكانی نەوت بۆ خۆیانی دەفرۆشن لەبەرانبەر شایستە داراییەكانیان، بەڵام داهاتی ئەوی دیكەی دیار نییە و ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی".

دۆخی خراپی مووچە وای كردووە مامۆستایان و تەندروستكاران و بەشێك لە فەرمانبەرانی فەرمانگەكانی دیكەی هەرێمیش بە تایبەت لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان، بەردەوام بن لە بایكۆتی دەوام. ئەوان داوای پێدانی دوو مووچە پێكەوە دەكەن و دەڵێن "حكومەتی هەرێم داهاتی پێویستی بۆ دابەشكردنی دوو مووچە لەبەردەستدایە".