نێچیرڤان بارزانی: دەبێت دەنگدانێكی سەركەوتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت

27-09-2023 07:38

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی هیواخوازە "دەرەنجامی كۆنگرەی یەكێتی ببێتە مایەی پتەوكردنی یەكڕیزی و تەبایی و كاری پێكەوەیی لایەنە سیاسییەكان لە هەرێم و لە عێراق". دەشڵێت "یەكێتی یادگاریی مام جەلالە و دەبێ لەسەر هەمان گیان و بیر و ئاراستەی ئەو، بۆ لێكتێگەیشتن و تەبایی و چارەسەری كێشەكان بەردەوام بێت".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە وتارێكدا لە كۆنگرەی پێنجی یەكێتی، باسيشی لە كێشەكان لەگەڵ بەغدا كرد و جەختی كردەوە كە "هەرێم دەیەوێت هەموو كێشەكانی بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكات". دەربارەى دۆخی هەرێمی كورستانیش وتی "لە دۆخێكی سەختی داراییدایە و كاریگەرییەكی دژواری بەسەر تەواوی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانەوە‌ جێهێشتووە".

هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەهێزیی هەرێمی کوردستانى بەستەوە بە "یەكڕیزى و تەبایی لایەنە سیاسییەكان، سەربەخۆیی و پارێزراوی و ڕێزلێگیراویى دامەزراوەكان، دەستوەرنەدانی حزبی و سیاسی لە كاروباری دامەزراوەكان و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان".

سەبارەت بە هەڵبژاردنیش، وتی "دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەكان كار بكەن بۆ ئەوەی شوباتی داهاتوو، دەنگدانێكی سەركەوتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت".