پەرەگراف
بەپێی ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی کە لە کۆنگرەی ئەو حیزبەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و پەسەند دەکرێت، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە ٦١ ئەندام پێکدێن و هەڵبژاردنیان بە لیست دەبێت، هەر لیستیک هەڵبژاردنەکە بباتەوە سەرجەم کورسییەکانی ئەنجومەنەکە پڕدەکاتەوە، هەر بەپێی ڕەشنووسەکە کە وێنەیەکی دەست پەرەگراف کەوتووە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لە ١٢ بۆ ١٤ ئەندام پێکدێن و لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە پێشنیار دەکرێن و لە سەرکردایەتی پەسەند دەکرێن.
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ئەمڕۆ لە سلێمانی دەستی پێکردو سێ ڕۆژ دەخایەنێت، پەرەگراف دیارترین ئەو گۆڕانکارییانەو ئەرک و دەسەڵاتی سەرۆک و سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاشکرا دەکات کە لە ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدا هاتووەو کۆنگرە دوای گفتوگۆکردن پەسەندیان دەکات.
بەپێی ڕەشنووسی پەیڕەوەکە، سەرکردایەتی نوێی یەکێتی لە ٦١ ئەندام پێکدێن و هەڵبژاردنیان بە لیستی داخراو دەبێت، ئەو لیستەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا سەرجەم کورسییەکان دەباتەوەو ئەگەر تەنها یەک لیست هەبوو بە دەنگدانی ئاشکرا لە کۆنگرەدا دەنگی پێدەدرێت.
لەکاتی بەتاڵبوونی شوێنی هەر ئەندامێکی سەرکردایەتیش، سەرۆک دەتوانێت شوێنگرەوەی دیاری بکات و لە مەکتەبی سیاسی پەسەند دەکرێت، هاوکات پێنج کورسی لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی بۆ کەسایەتی سیاسی و حکومی و حیزبی تەرخان دەکرێت و پێنج کورسی دیکەش تەرخاندەکرێت بۆ ئەو کەس و لایەنانەی بەپێی ڕێککەوتن دەچنەوە ناو یەکێتی و بەردەوامیی بە خەباتیان دەدەن، ئەو کەسانەش پاش دیاریکردنیان و ڕەزامەندیی سەرۆک، مەکتەبی سیاسی پەسەندیان دەکات.
لە مەرجەکانی بوون بە ئەندامی سەرکردایەتیشدا هاتووە، پێویستە پلەی ڕێکخراوەیی لە کارگێڕی مەڵبەند و هاوتاکانی کەمتر نەبێت و دەرچووی ئامادەیی بێت جگە لە پێشمەرگە دانەبڕاوەکان و کەمئەندامی سەنگەو ڕێکخستنی دێرین و زیندانی سیاسی.
هەروەها هیچ کارێکی حکومی و پەرلەمانیی نەبێت جگە لە پۆستە سیادییەکان و یەکەمەکانی یەکێتی لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق و هەرێم.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەرزترین دەسەڵاتی نێوان دوو کۆنگرەو سەرچاوەی بڕیار دەبێت لە پرسە گرنگ و چارەنووسسسازەکانداو، ئەو ڕێککەوتنە گرنگانەی پەیوەندییان بە پرسە چارەنووسسازەکان و بەرژەوەندی باڵای یەکێتی و پێکهێنانی هاوپەیمانێتیی هەڵبژاردنەوە هەیە دوای پەسەندکردنیان بە دەنگی دوو لەسەر سێ لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی، سەرۆک واژۆیان دەکات.
هەربەپێی ڕەشنووسی پەیڕەوی نوێی یەکێتی، سەرۆکی یەکێتی لە کۆنگرە هەڵدەبژێردرێت و ئەگەر تەنها یەک کاندید هەبوو بە دەنگدانی ئاشکراو ئەگەر زیاتر لە کاندیدێک هەبوو بە دەنگدانی نهێنی و بە زۆرینەی دەنگەکان هەڵدەبژێردرێت، سەرۆک لەهەمان کاتدا سەرۆکی ئەنجومەنی پشتیوانیی یەکێتیش دەبێت کە ئۆرگانێکی نوێیەو ژمارەی ئەندامەکانی ئەو ئەنجومەنە لە ١٠٠ ئەندام تێناپەڕێت.
سەرۆکی یەکێتی ١٤ ئەرک و دەسەڵاتی هەیە کە دیارترینیان، بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیارو سیاسەتەکانی یەکێتی و سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی دەکات و هەماهەنگیش لە نێوان هەرسێ ئەنجومەنی؛ سەرکردایەتی و پاراستنی بەرژەوەندییەکان و پشتیوانیی دەکات.
هەروەها دەزگای دارایی و مەڵبەندی دیراسات و سەرجەم پەیوەندییەکانی یەکێتی ڕاستەوخۆ بە سەرۆکەوە دەبەسترێنەوە.
هەرچی دەربارەی مەکتەبی سیاسیی نوێی یەکێتییە، بەپێی ڕەشنووسی پەیڕەوەکە ئۆرگانێکی باڵای ئەنجومەنی سەرکردایەتییەو ناوەندی سەرەکی بڕیاردانی حیزبە لە سەرجەم بوارەکاندا، لە سەرۆکی حیزب و ١٢ بۆ ١٤ ئەندام پێکدێن کە لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە پێشنیار دەکرێن و لە سەرکردایەتی پەسەند دەکرێن.
جگە لە پۆستە سیادییەکان کە کەسی یەکەمی یەکێتی دەگرێتەوە لە پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی کۆمارو هەرێم، سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هیچ پۆستێکی دیکەیان نابێت لە دەرەوەی حیزب.
هاوکات مەکتەبی سیاسی نۆ ئەرک و دەسەڵاتی هەیەو گرنگترینیان بڕیاردانە لە مەسەلە گرنگە حیزبی و سیاسی و حکومییەکان و، بەرپرسە لە جێبەجیکردنی بڕیاو ڕاسپاردەکانی سەرکردایەتی و سەرۆک، لەگەڵ داڕشتنی پلان و بەرنامەی هەڵمەتی هەڵبژاردن و پەسندکردنی بودجەی ساڵانەی ئۆرگان و دەزگاکان دوای پێشنیارکردنیان لەلایەن مەکتەبی داراییەوە.
یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییە دیارەکانی یەکێتی بەپێی ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبە، کەمکردنەوەی ژمارەی مەکتەبەکانی یەکێتییە لە ١٥ مەکتەبەوە بۆ شەش کە ئەمانە دەبن: مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال، کاروباری ناوخۆیی یەکێتی، هەڵبژاردن، ڕاگەیاندن هۆشیاری، ڕیکخراوەکان و پەیوەندییەکان.