دژەتیرۆری پارتی: شەش چەكداری پەكەكە لە دوو بۆردوومانی توركیادا كوژران و هاووڵاتییەك شەهید بوو

27-09-2023 02:25

پەرەگراف

دژەتیرۆری كوردستان (دژەتیرۆری پارتی) دەڵێت "شەش چەكداری پەكەكە لە دوو هێرشی توركیادا كوژراون". ڕێكخراوی (CPT)یش گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەكی مەدەنیی لە یەكێك لەو بۆردوومانەدا ڕاگەیاند. دژەتیرۆری پارتی گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتییە بۆ "نزیكیی بارەگاكەی پەكەكە لە شوێنی نیشتەجێبوون" دەگەڕێنێتەوە.

كامەران عوسمان، بەرپرسی لقی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی (CPT) ڕایگەیاند "بەهۆی بۆردوومانەكەی ئەمڕۆی سوپای توركیا بۆ سەر گوندی بۆكریسكان لە قەزای پشدەر، هاووڵاتییەكی مەدەنی بە ناوی (ئەستی محەمەد)، دوای برینداربوونی، بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە گیانی سپارد".

كامەران عوسمان دەشڵێت "هەر لەو بۆردوومانەدا هاووڵاتییەكی تری گوندی بۆكریسكان بە ناوی (میرزا ئیبراهیم)ی تەمەن ٦٠ ساڵ، بریندار بوو".

بەپێی ئاماری ڕێكخراوی (CPT)، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا "٩ هاووڵاتیی مەدەنی بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و بۆردوومانەكانی توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستاندا، شەهید بوون و ٦ هاووڵاتیی تری مەدەنیش بریندار بوون".

هەر ئەمڕۆیش، دژەتیرۆری كوردستان (دژەتیرۆری پارتی) ڕایگەیاند "بە گوێرەی زانیارییەكانی دژەتیرۆری كوردستان، كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا بارەگایەكی چەكدارانی پەكەكەی لە گوندی بوگریسكان لە ناحیەی وەرتێی سەر بە قەزای ڕەواندز لە پارێزگای هەولێر، كردە ئامانج".

دژەتیرۆری كوردستان دەڵێت "لەو بۆردوومانەدا چوار چەكداری پەكەكە كوژران. هاوكات بەهۆی نزیكیی بارەگاكە لە شوێنی نیشتەجێبوون، هاووڵاتییەكی سڤیل شەهید بوو و هاووڵاتییەكی دیكەش بریندار بوو".

بەپێی ڕاگەیەندراوی دژەتیرۆری كوردستان، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە "كاتژمێر 11:10ی پێشنیوەڕۆ، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا لە نزیك گوندی بوگریسكان لە ناحیەی وەرتێ، ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكەی كردە ئامانج و، بەهۆیەوە دوو چەكداری پەكەكە كوژران".

لەگەڵ هەر بۆردوومانێكی توركیا لە هەرێمی كوردستان، دژەتیرۆری كوردستان (دژەتیرۆری پارتی)، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووك زانیاری لەبارەی ئاماری كوژراو و بریندارەكان دەخاتە ڕوو، كە زۆر جار وردەكاریی زانیارییەكان نەخراوەتە ڕوو و بەڵگەی تەواو بۆ ڕاستی و دروستییان نییە، هەندێك جاریش زانیاریی هەڵەی بڵاو كردووەتەوە.