نوێترین ئاماری قوربانیانی ڕووداوەكەی حەمدانییە؛ سێ‌ ڕۆژ ماتەمینیی گشتی ڕاگەیەندرا

27-09-2023 02:02
ساتى ئاگرکەوتنەوەکە لەناو هۆڵى بووکگواستنەوەکەى حەمدانییە

پەرەگراف

بەپێی نوێترین ئاماری تەندروستیی نەینەوا، لە ڕووداوی سووتانی هۆڵی بووكگواستنەوەكەی قەزای حەمدانییەدا "94 كەس گیانیان لەدەست داوە و ئەگەری هەڵكشانی ژمارەكە هەیە. جگە لە برینداری سووكیش، 100 كەس بریندار بوون كە پێویستیان بە مانەوە لە نەخۆشخانە هەبووە".

بەڕێوەبەری تەندروستیی نەینەوا بە كەناڵی (موسڵییە)ی ڕاگەیاند "ژمارەی بریندارەكان كە 100 كەسە، ئەو بریندارانەی تێدا نییە كە ڕەوانەی هەلێر و دهۆك كراون، هەروەها ئەو بریندارانەشی كە برینەكەیان سووك بووە و ڕاستەوخۆ دوای چارەسەر ڕەوانەی ماڵەوە كراون، حیساب نەكراون".

عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، دوای ئەوەی سەردانی شوێنی ڕووداوەكەی كرد، ڕایگەیاند "هۆڵەكە مەرجی سەلامەتیی تێدا نەبووە. ئاگركەوتنەوەكەش بەهۆی یاریی ئاگرینەوە بووە و سەقفی هۆڵەكە بەشێوەیەكی خێرا ئاگری گرتووە و داڕووخاوە".

وەزیری ناوخۆی عێراق جەختی كردەوە كە ئەو كەسانەی كەمتەرخەم بوون، "سزای دادپەروەرانە" وەردەگرن.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا دەڵێت "نۆ كەس لە ستافی بەڕێوەبردنی هۆڵەكە دەستگیر كراون و لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەسەر هێڵین بۆ دەستگیركردنی خاوەنی هۆڵەكە كە هەڵاتووە".

هاوكات محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، سێ‌ ڕۆژ ماتەمینیی گشتیی بەهۆی ڕووداوەكەوە ڕاگەیاند و فەرمانی كرد بە گرتنەبەری ژمارەیەك ڕێكاری بەپەلە و پێویست تایبەت بە ڕووداوەكە.

بە فەرمانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، هەردوو وەزیری تەندروستی و ناوخۆ ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەكە كران، ڕێكاری پێوست بۆ چارەسەری بریندارەكان لە ناوخۆ و دەرەوە گیراوەتە بەر، ڕێكار بۆ دەستەبەركردنی مافی یاسایی قوربانیانی ڕووداوەكە و قەرەبووكردنەوەیان دەگیرێتە بەر. هەروەها لێكۆڵینەوەی ورد بۆ دەستنیشانكردنی لایەنی كەمتەرخەم بەردەوامە.

شەوی ڕابردوو لە هۆڵێكی بووكگواستنەوە لە قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، ئاگر كەوتەوە و لە ماوەیەكی كورتدا هەموو هۆڵەكە سووتا و داڕووخا. بەهۆیەوە سەدان كەس لە ماوەی چەند خولەكێكدا گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون.

بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، "دەیان" ئەمبوڵانس و تیمی فریاگوزاری ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کرا و ژمارەیەک لە بریندارەکان بۆ چارەسەر هێنرانە نەخۆشخانەکانى هەولێر و دهۆک.

چەند كاتژمێرێك پاش ڕووداوەكە، بەرگریی شارستانی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی، ئەو هۆڵی بووكگواستنەوەیە بەشێكی زۆری لە ماددەی "ئەلیكۆبۆن" دروست كراوە، كە زۆر بە زوویی ئاگر دەگرێت و دەسووتێت.

بەرگریی شارستانی سەبارەت بە هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە وتی "لێكۆڵینەوەی سەرەتایی نیشانی دەدات كە یاریی ئاگرین بووە، سەرەتا لەناو هۆڵەكەدا ئاگر كەوتووەتەوە و زۆر بە خێرایی تەشەنەی سەندووە".

گرتە ڤیدیۆییەكانیش ئەوە نیشان دەدەن كە بەهۆی یاریی ئاگرینەوە سەقفی هۆڵەكە ئاگر دەگرێت و زۆر بە خێرایی تەشەنە دەسێنێت.

بەرگریی شارستانی جەختی كردووەتەوە كە بەهۆی ئەوەی كە هۆڵەكە بە كەرەستەی هەرزان لەوانە ئەلیكۆبۆن دروست كراوە، لە ماوەی چەند خولەكێكدا ئاگرەكە تەشەنەی سەندووە و بەشێكی زۆری هۆڵەكە داڕووخاوە.

"هۆڵەكە پێچەوانەی ڕێنماییەكانی سەلامەتی دروست كراوە و مەرجەكانی سەلامەتیی لە نموونەی زەنگی ئاگاداركردنەوە و سیستەمی ئاگركوژێنەوەی تێدا نەبووە"، بەرگریی شارستانی وا دەڵێت.