کۆنگرەی یەکێتی دەست پێدەکات و بەرەی بایکۆت فراوان دەبێت

26-09-2023 08:57

پەرەگراف

بەرەی بایکۆتی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی فراوان دەبێ و زیاتر لە ١٠ ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی دیاری یەکێتی بەشداریی کۆنگرەکە ناکەن، ناڕازییەکان هێرشی تووند دەکەنەسەر بافڵ تاڵەبانی و پێیانوایە کۆنگرە مەترسیدارە بۆ ئەو حیزبە، لە بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: كۆنگرەی پێنج لەپێناو ‏بەهێزتربوونی حیزبەکەیان ساز دەكەن.

بڕیارە سبەینێ‌ كۆنگرەی یەكێتی لە سلێمانی دەست پێ‌ بكات و سێ‌ ڕۆژ بخایەنێت، بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی و نزیکەی ١٠ ئەندامی سەرکردایەتی کە نزیکن لە ناوبراو بەشداریی کۆنگرەکە ناکەن، ئەوەش بەهۆی دوورخستنەوەو پەراوێزخستنیان لە دوای ڕووداوەکانی ٨ی تەمووزی ٢٠٢١.

بەدەر لە ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی، ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئەو حیزبەو پێشمەرگە دێرینەکان و فەرماندە سەربازییەکان بەشداریی کۆنگرەکەی یەکێتی ناکەن و ئەوانیش ناڕازین، دیارترینیان؛ بەرهەم ساڵح، مەلابەختیار، حاکم قادر، مەحمود سەنگاوی، حامیدی حاجی غالی و عەدنانی حەمەی مینان.

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتى لەگەڵ ڕاگەیاندنی بایكۆتكردنی ‏كۆنگرەکە وتی، "لەم كۆنگرەیەدا هەڵبژاردن نەكراوە، بەڵكوو دەستنیشان كراوە كێ دەربچێت ‏و كێ دەرنەچێت و بافڵ تاڵەبانی بۆی هەیە 100 كەس بباتە ناو كۆنگرەو لیستی ئەندامانی ‏سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی ‏ڕاوێژكاری دابنێت، ویستوشیەتی قەناعەت بە ئێمەش بكات كە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵاش ‏هەرخۆی دایان بنێت".

مەلا بەختیار باس لە "پیلانگێڕى و خەیاڵێكی ترسناك بۆ ئایندەی یەكێتی" دەکات و دەشڵێت "ئاڕاستەیەكی ڕاستڕەو لەناو یەكێتی دروست بووە كە باوەڕی بە دیموكراسی و ‏ئازادی نییە"، هۆشداریش دەدات کە ئەو سیاسەتەی گیراوەتە بەر، "ناچێتە سەر و دوای كۆنگرە ‏كاردانەوەی دەبێت".

لە بەرامبەر ڕخنەو هێرشەکان بۆ سەر سیاسەتی و کاری ئێستای یەکێتی کە ڕاستەوخۆ ڕوویان لە بافڵ تاڵەبانییە، تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە كۆنگرەی پێنج لەپێناو نوێگەریی و ‏بەهێزتربوونی یەكێتی ساز دەكەن و مژدەی یەكێتییەكی پتەوتر بە خەڵكی كوردستان دەدەن.‏

سەرۆكی یەكێتی‎، لە پەیامەكەیدا دەڵێت "بڕوای تەواومان بە ‏نوێگەری و نوێبوونەوە هەیە و لەگەڵ گۆڕانكارییەكان هەنگاودەنێین و خۆمان نوێ دەكەینەوە، ‏ئەوەش راستییەكی مێژووییە و هەمیشە خوێنێكی نوێ بە دەمارەكانی یەكێتیدا دەگەڕێت".

کۆنگرەكەی یەكێتی، گرنگترین كۆبوونەوەی ڕێكخراوەیی ئەو حیزبەیەو بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف ئامانجی سەرەکیی کۆنگرەکە کۆتایی هێنانە بە ژیانی سیاسیی لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی لەناو یەکێتی و چەسپاندنی سیستمی یەک سەرۆکییە بۆ بافڵ تاڵەبانی.

لاهور شێخ جەنگی کە لە کۆنگرەی چوارەمدا دەنگی یەکەمی کۆنگرەی بەدەستهێناو چووە لوتکەی دەسەڵاتی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی کردە هاوشانی خۆی و سیستمی هاوسەرۆکی بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتی پەسەند کرد، بەڵام هاوسەرۆکییەکەی نێوانیان کەمتر لە دوو ساڵ بڕی کرد، لە ٨ی تەمووزی ٢٠٢١ ناکۆکییەکانیان تەقییەوەو بافڵ تاڵەبانی دەستی بەسەر دەزگای زانیاریی و دژەتیرۆردا گرت کە سەربە لاهور شێخ جەنگی بوون، پاشان میدیاو سەرچاوە داراییەکانی لاهوری ئامۆزای کۆنتڕۆڵ کردو لە یەکێتی دووری خستەوە.