وەزیری ئاوەدانكردنەوە: هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی هێڵی شەمەندەفەر و ئەوە خەون نییە
پەرەگراف
وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان جەخت دەكاتەوە کە "هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی هێڵی شەمەندەفەر و ئەوە خەون نییە".
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێمی كوردستان، لە كاتی كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتیی بیناسازی لە سلێمانی، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەر وتی "بەهای ئابووریی پرۆژەكە تەواو بووە كە كۆمپانیایەكی ئیسپانی كردوویەتی، لە داهاتوودا دەچینە قۆناغی دیزاینی پرۆژەكە و ئیشەڵا هەرێمی كوردستان دەبێت بە خاوەنی هێڵی شەمەندەفەر، ئەوە خەون نییە".
ڕۆژی 11-9-2023، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لە ڕێوڕەسمێكدا دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەی بەهای ئابووری (feasibility study) بۆ پڕۆژەی دامەزراندنی تۆڕی شەمەندەفەر لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند.
لە وتارێكیشدا وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن پڕۆژەكەی بە "ستراتیژی و گرنگ بۆ ھەرێمی كوردستان و ناوچەكە" ناو برد و ڕایگەیاند "دوای تەواوبوونی ئەم قۆناغە، ھیوادارین لە نزیكترین دەرفەتدا دەست بكەین بە قۆناغی دیزاینی پڕۆژەكە، بەپێی ئەو بەرنامەیەش كە دامان ناوە، لەگەڵ ھەر قۆناغێكی دیزایندا، جێبەجێكردنی ئەو قۆناغەش دەست پێ دەكەین و چاوەڕێ ناكەین تاوەكوو ھەموو دیزاینەكە تەواو دەبێت".