پەرەگراف
بڕێک لەو ٧٠٠ ملیار دینارەی بەغداد بۆ مووچە بە قەرز بە ھەرێمى دەدات، گەیشتە ھەولێر و ڕۆژى دووشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت دەکرێت.
بەیانیى ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی ھەرێم ڕایگەیاند "بڕی ٢٥٠ ملیار دینار لە ڕێگای بانکی ڕافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق".
دواتر وەزارەتەکە لیستى دابەشکردنى مووچەى ڕاگەیاند. بەپێى خشەکە، ڕۆژی دووشەممە ٢٥-٩-٢٠٢٣، بە وەزارەتی تەندروستی دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمووز دەكرێت و لە ٨-١٠-٢٠٢٣ بە خانەنشینیی پێشمەرگە كۆتایی دێت.
بەپێى ئەو خشتەیەى حکومەت ڕایگەیاندووە، بە تەواوبوونى دابەشکردنى ئەم مووچەیەش، هێشتا دوو مووچەى مانگەکانى هەشت و نۆى مووچەخۆران لاى حکومەتى هەرێم دەمێنێت.

سەرەتای هەفتەی ڕابردوو حکومەتی عێراق ڕەزامەندیی پیشاندا دوو ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆ مووچەی سێ مانگ، پارەکەی عێراق بۆ هەر مانگێک ٢٤٠ ملیار دینار کورتهێنانی هەیە و پێویستە لە داهاتی ناوخۆی هەرێم پڕ بکرێتەوە.
قەیرانی مووچە بەشێکی سەرەکی بوو لە کۆبوونەوەی ٢٠ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی وەزیران و مەسروور بارزانی ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتی داراییان ڕاسپارد کە لەگەڵ گەیشتنی یەکەم گوژمەی 700 ملیار دینارەکەدا یەکسەر بە بێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێم بکرێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی، لە دواین سەردانیان بۆ بەغداد بە وردیی پێشنیاری چارەسەری هەنووکەیی و درێژخایەنیان بۆ دابینکردنی مووچە خستوەتەڕوو کە جێگەی ڕەزامەندیی لایەنە عێراقیەکان بووە و پاشان حکومەتی عێراق پێشنیارە هەنووکەيیەکەی پەسەند کردووە بە زیادکردنی بڕی پێدانی قەرز بە هەرێم.
مەسروور بارزانی ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ پێشنیاری درێژخایەن داوایان کردووە مووچەی هەرێم وەک شایستەیەکی یاسایی جيا بکرێتەوە لە هەر ململانێ و جیاوازیەکی بیروڕاو پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی عێراق خەرج بکرێت وەک مافێکی شایستەی خۆیان کە لە ناو خشتەکانی بودجەی فیدڕاڵ هەم ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەم تەرخانکراوی داراییان بۆ دەستنیشان کراوە و نابێت مووچە وابەستەی هیچ بکرێت.
لەکاتێکدا مووچەخۆرانی عێراق مووچەی مانگی نۆ وەردەگرن، هێشتا لە هەرێم مانگی حەوت دابەش نەکراوەو ئەوەش ناڕەزایی و بایکۆتی فراوانی لێکەوتووەتەوە بەتایبەت لە کەرتی پەروەردەو تەندروستی.
هێشتا حکومەتی عێراق ئامادەنییە شایستە داراییەکانی ھەرێم بەپێی یاسای بودجە بنێرێت کە یەک ترلیۆن و ٣٧٥ ملیار دینارە بۆ هەر مانگێک و لەو بڕەش ٩٠٦ ملیاری تەرخانكراوی مووچەی هەرێمە، پاساوی عێراق بۆ نەناردنی پشکی هەرێم "پابەندنەبوونی" حکومەتی ھەرێمە بە جێبەجێ کردنی یاسای بودجەو ڕادەست نەکردنی داھاتە نەوتیی و نا نەوتییەکان، بەڵام حکومەتی ھەرێم ئەوە رەتدەکاتەوەو دەڵێت، ئەوان پابەندن و بەغداد پابەند نەبووە، زیانمەندی ئەو یەکتر تۆمەتبارکردنەش گیرفانی مووچەخۆرانە.