بەرەوپێشچوون لە دانوستانەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بەدی هاتووە

23-09-2023 02:01

پەرەگراف

دانوستانەكانی نێوان عێراق و توركیا بە بەشداریی حكومەتی هەرێم بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، تا ئاستی لێكتێگەیشتن بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینیوە، لە هەولێر و بەغداد كۆبوونەوەی "چڕوپڕ" بەڕێوە چوون. هاوكات هەرێمی كوردستان بەرهەمهێنانی نەوتی زیاد كردووە و بۆ ئاستی نیوەی بەرهەمی پێشوو بەرز بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت "بەم دواییانە ژمارەیەك كۆبوونەوە ئەنجام دراون، وەكوو هەوڵێكی نوێ‌ بۆ خستنەڕووی مەرجەكانی هەردوولا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیاوە".

ماڵپەڕەكە دەڵێت "ژمارەیەك كۆبوونەوەی چڕوپڕی تەكنیكی لە نێوان بەرپرسانی عێراق و توركیا لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەنجام دراون، تێیاندا پێشكەوتن لە گفتوگۆكان بۆ كردنەوەی بۆریی گواستنەوەی نەوتی عێراق - توركیا بەدی هاتووە".

چوار بەرپرس كە ئاگاداری دانوستانەكانن، قسەیان بۆ عێراق ئۆیل ڕیپۆرت كردووە و ئاشكرایان كردووە كە "كۆبوونەوەكان لە نێوان بەرپرسانی كۆمپانیای سۆمۆ و حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای بۆتاشی توركی، لە توركیا و هەولێر ئەنجام دراون، گفتوگۆ دەربارەی كێشە تەكنیكی و بارزگانییەكانی خستنەوەگەڕی بۆریی نەوت كراوە".

لە دانوستانەكاندا تاوتوێی ژمارەیەك بابەت كراوە، لەوانە "كرێی بۆریی نەوت، كوالێتی و بڕێ‌ ئەو نەوتەی هەناردە دەكرێت، كەمترین بڕی هەناردەی نەوت، هەناردەكردنی ئەو نەوتەی لە كۆگاكانی جەیهاندان، هەروەها ئەرك و پابەندییەكانی هەردوولا".

ماڵپەڕەكە دەڵێت "ئەنجامی كۆبوونەوەكان ئەوەیە كە هەردوولا گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەوە، بڕیارێكی باڵای سیاسی بۆ پەسەندكردنی پێویستە"، كە ئەوەی بە "قورس" ناو بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی دیكەی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت كە 20ی ئەم مانگە بڵاو كراوەتەوە، سەرەڕای بەردەوامیی داخستنی بۆریی نەوتی، لە مانگی ئابی ڕابردودا بەرهەمهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان زیادی كردووە، بە جۆرێك كە گەیشتووەتە نزیكی نیوەی ئەو بەرهەمەی لە پێشووتردا بەرهەمی دەهێناوە ڕەوانەی دەرەوەی كردووە، کە پێشتر هەرێم ڕۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتى هەناردە دەکرد.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا نەوتەكەی لە ناوخۆدا دەفرۆشێت، حكومەتی عێراق ڕۆژانە نزیكەی 85 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێم وەردەگرێت بۆ پاڵاوتن و ساغكردنەوەی لە ناوخۆدا.

ماوەی شەش مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم و كەركووك لە ڕێگەی بۆریی عێراق - توركیاوە ڕاگیراوە، ئەوەش پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پایس كە لە بەرژەوەندیی عێرا و دژی توركیا بوو.

بەپێی یاسای نوێی بودجەی عێراق، هەرێمی كوردستان دەبێت ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حكومەتی ناوەند بكات، بەڵام تا ئێستا حكومەتی عێراق نەیتوانیوە ئەو بڕە وەربگرێت و ڕۆژنە 85 هەزار بەرمیلی وەرگرتووە.

بەرپرسانی وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە ماوەی پێشوودا ڕایانگەیاند، پلانیان داناوە و تا 20-10-2023 دەتوانن هەر 400 هەزار بەرمیل نەوتەكە لە هەرێم وەربگرن و بۆ ناوخۆی عێراق بەكار بهێنن.

ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە 25ی ئازاری ئەمساڵ تا ئێستا، زیانی ملیاران دۆلاری لە هەرێمی و كوردستان و عێراق داوە.

لە دوای بڕیارەكەی دادگای پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێم كەوتە دەستی بەغداد، بەڵام توركیا و عێراق تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتەكە.