وەزیری بەرگری توركیا ھۆشداریی بە بافڵ تاڵەبانی دەدات کۆتایی بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە بھێنن
پەرەگراف
وەزیری بەرگری توركیا ھۆشداریی بە بافڵ تاڵەبانی دەدات لە پەکەکە دووربکەوێتەوە، بە پێچەوانەوە دەڵێت "ئەگەر نا بارودۆخی داهاتوو لە بەرژەوەندی سلێمانی نابێت".
یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی میللیەتی توركیدا، لە دۆسیەی پەکەکەو پەیوەندییان لەگەڵ سلێمانی دەڵێت "بەردەوام هۆشداری دەدەینە بافڵ تاڵەبانی لە زیادبوونی چالاكیە تیرۆریستییەكان لە سلێمانی و داوامانكردووە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ گروپە تیرۆریستیەكان بپچڕێنن، ئەگەر نا بارودۆخی داهاتوو لە بەرژەوەندی سلێمانی نابێت".
"ئێمە هەموو شتێك دەزانین و ئاگادارین لەگەڵ دۆستە عێراقییەكانمان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گفتوگۆداین لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام نامانەوێت هیچ هەنگاوێكی بنەڕەتی بنێن" یەشا گولەر وادەڵێت.
وەزیری بەرگری تورکیا دەشڵێت "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ فڕۆكەخانەی سلێمانی بەتەواوی پچڕاندووە".
بەم دواییانە هێرشەكانی توركیا بە ناوی كردنە ئامانجی پەكەكە، لە سنووری هەرێمی كوردستان و بە تایبەت ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی چڕ بوونەتەوە، كە بەشێك لە هێرشەكان هاووڵاتیی مەدەنییان كردووەتە ئامانج، 18ی ئەم مانگەش بۆ یەکەمجار توركیا بە پلان ڕاستەخۆ هێزی دژەتیرۆری یەکێتی کردە ئامانج و لە فڕۆکەخانەی عەربەت بۆردومانی کردن کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان سێ شەھید و سێ برینداری لێکەوتەوە.
هێرشەكەی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی عەربەت، بە تەواوی بەرپرسانی یەکێتی نیگەران كردو، بافڵ تاڵەبانی مانۆڕێکی سیاسی لە بەغداد ئەنجامداو هەوڵی بەدەستهێنانی "كۆدەنگیی نیشتمانی" بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگری لەو هێرشانە دا.
پاش دوو ڕۆژ لە هێرشەكە بافڵ تاڵەبانی دۆسیەكەی بردە بەغداد و لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردەی لایەنە شیعەكان ڕایگەیاند "دەستبردن بۆ دامەزراوە سەربازی، یاسایی و دەستوورییەكان پێشهاتێكی مەترسیدارە و پێویستە هەموومان پێكەوە ڕووبەڕووی ببینەوە، نابێت ڕێگە بدرێت لەژێر هیچ پاساوێكدا سنووری وڵات ببەزێنرێت".