ئێران دەڵێت ڕێککەوتنە ئەمنییەکەیان لەگەڵ عێراق وەکخۆی جێبەجێ نەکراوەو چەند ڕۆژێک چاوەڕێ دەکەن
پەرەگراف
سەرۆك ئەركانی سوپای ئێران، ڕێککەوتنە ئەمنییەکەیان لەگەڵ عێراق وەکخۆی جێبەجێ نەکراوەو ھێزەکانی ڕۆژھەڵات کەمێک لە سنورەکانیان دورخراونەتەوە.
محەمەد باقری جەخت دەکاتەوە کە ھێزەکان دەبوو تا ١٩ی ئەم مانگە "بە تەواوەتی لە چەک دابماڵرێن و لە عێراقیش دەربکرێن".
"سەرۆك كۆمار داوای لێكردوین چەند ڕۆژێک دان بەخۆماندا بگرین و ئارام بگرین، ئێمەش ئەو چەند ڕۆژە چاوەڕێ دەکەین و تیمی تایبەت دەنێرین بۆ چاودێریکردنی ڕێککەوتنەکەو دواتر لەبارەی ھەنگاوی داھاتومان بڕیار دەدەین" سەرۆكی ئەركانی سوپای ئێران وادەڵێت.
ڕێکەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران مانگی سێی ئەمساڵ لە نێوان هەردوو وڵات و بە ئامادەیی وەزیری ناوخۆی هەرێم واژۆ کرا، سەرەکیترین خاڵی چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێم و نیشتەجێکردنیانە لە کەمپدا.
١٩ی ئەم مانگە کۆتا ڕۆژی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بوو کە گەرمترین و گرنگترین دۆسیەیە لای ئێران و بە شێوەیەکی چڕوپڕ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێم لەسەر هێڵە بۆ جێبەجێکردنی، هاوکاتی هەوڵە دیبلۆماسییەکان ئێران جووڵەی بە هێز بە ئاراستەی سنوورەکانی هەرێم کردووەو هەڕەشەی هێرشکردنەسەر بارەگای هێزەکانی ڕۆژهەڵات دەکات ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت.
پێشتر سەرچاوەیەکی باڵا لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێم بە پەرەگرافی وت، هەڕەشەکانی ئێران جددین و لە هەستیاریی دۆخەکە بۆ هەرێمی کوردستان تێدەگەن، هەربۆیە بنکەو بارەگا سەربازییەکانیان لە ناوچە سنورییەکانی چۆمان و چیای هەڵگورد چۆڵ کردووە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "لە بارەگاو کەمپەکانی نزیک شارەکانیش ڕێوشوێن گیراوەتەبەر، بارەگا سەربازییەکان چۆڵکراون و تەنانەت زۆربەی خێزانەکانیش کەمپەکانی نیشتەجێبوونیان چۆڵکردووە وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشی مووشەکیی ئێران".
ئەو سەرچاوەیەی جەختی کردەوە کە "بە هیچ جۆرێک لەچەکداماڵین و کەمپنشینکردن لەئارادا نییە"، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم چەند ناوچەیەکیان چۆڵکردووەو نایانەویت هەرێم بکەوێتەژێر فشاری زیاتری ئیران.
پێشتر ئێران بە پاساوی بوونی هەڕەشەی گرووپە چەكدارییە جوداخوازەكان لە سنوورەکانەوە بۆ سەر وڵاتەكەی، بە بەردەوامی تۆپبارانی هەرێمی کوردستانی کردووە. لە مانگەكانی كۆتایی 2022ـدا هێرشەكانی چڕ كردەوە و چەند جارێك بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی لە قووڵایی خاكی هەرێمدا بە مووشەكی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژكراو كردە ئامانج.